سەردێڕ:

میدیا جیهانییەکان: کەلوپەلە دێرینە تاڵانکراوەکانی عێراق لە ڕێگەی فەیسبوکەوە کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت

فۆتۆ: 
2019-05-03

705 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕۆژانە گرنگترین مانشێت و ھەواڵە جیھانییەکان بڵاودەکاتەوە و ئەمڕۆش ئەم ھەواڵانە لە میدیا جیھانییەکاندا دەبینرێت:

رێکخراوی لیژنەی داکۆکیکردنی لە ڕۆژنامەنوسان ئەمڕۆ لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری جیهانیدا ڕاپۆرتێکی بڵاویکردووەتەوە کە ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵی ١٩٩٢وە تا ئێستا هەزار و ٣٤٠ ڕۆژنامەنوس بەهۆی کارەکانیانەوە لە جیهاندا کوژراون، هەروەها ستایشی بوێریی ئەو رۆژنامەنوسانە دەکات کە سەرباری مەترسییەکانی کارەکەیان بەردەوامن لە گواستنەوەی هەواڵەکان، هەر بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوەکە، لە ساڵی ڕابردوودا ٨٤ رۆژنامەنوس لە جیهاندا کوژراون بەوەش ڕێژەی کوژرانی ڕۆژنامەنوسان بەراورد بە ساڵی پێشتر زیادیکردووە.

++++

لە ماڵپەڕی ئەلعەرەبیەدا بڵاوکراوەتەوە، پێنتاگۆن رایگەیاندووە ساڵی ڕابردوو ١٢٠ هاوڵاتی مەدەنی لە وڵاتانی عێراق، سوریا، ئەفغانستان و سۆماڵ بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە کوژراون کە ٤٢ کەسیان لە عێراق و سوریا بوون. ماڵپەڕەکە نوسیەیەتی ئەم ژمارەیەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە زۆر کەمترە لەو ئامارەی کە چاودێران و رێکخراوەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە ڕابردوودا بڵاویانکردووەتەوە.

++++

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی ناتوانێت لە ماوەیەکی نزیکدا کۆتایی بە هاوردەکردنی نەوتی ئێران بهێنێت، چونکە دەبێت تەکنەلۆژیاکانی پاڵاوگەکانی نەوتی وڵاتەکە نوێ بکاتەوە بۆ ئەوەی لە وڵاتێکی دیکە نەوت بکڕێت بۆ ئەوەش پاڵاوگەکان دەبێت بۆ ماوەیەک دابخرێن و زیان بگەیەنن، ئەمە لە کاتێکدایە ئەمریکا کۆتایی بەو ماوەیە هێنا کە بۆ بەخشینی هەشت وڵات لە هاوردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە دیاریکردبوو.

++++

ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی نوسیویەتی، کەلوپەلی دێرینی تاڵانکراوی عێراق و سوریا لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکەوە کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت، کۆمپانیای فەیسبوکیس دەڵێت ٤٩ گروپیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە سڕیوەتەوە کە بازرگانییان بە ئەنتیکەی ئەو دوو وڵاتەوە کردووە، بی بی سی لە بەدواداچونەکەیدا ئەوەشی ئاشکراکردووە، تا ئێستا ئەنتیکە و کەلوپەلی دێرین لە عێراق و سوریاوە بۆ تورکیا بەقاچاغ دەگوازرێتەوە سەرباری ئەوەی ڕێکخراوی داعش تێکشکاوە.

++++

ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، بۆ یەکەمجار لە ئەمریکا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکارهێندراوە بۆ گواستنەوەی گورچیلەیەکی بەخشراو لە نەخۆشخانەیەکەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە، دواتر گورچیلەکە لە جەستەی پیاوێکی تەمەن ٤٤ ساڵدا لە باڵتیمۆر دانرا کە ماوەی ٨ ساڵە چاوەڕوانی نەشتەرگەری چاندنەوەی گورچیلەی دەکات، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە تایبەت بۆئەو کارە دیزاینکراوە کە توانراوە لە میانی ئەو گەشتەدا چاودێری گورچیلەکە بکرێت و بپارێزرێت.