سەردێڕ:

وێنە.. بۆیەکەمجار فڕۆکەی ئێف ٣٥ داعشی لەم ناوچەیەی هەرێم بۆردومانکرد

فۆتۆ: 
2019-05-01

10276 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا ئاشکرایکرد، بۆ یەکەمجار فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی "ئێف ٣٥" ناسراو بە شەبەح یەکەم هێرش و ئەرکی ئاسمانی خۆی لە باشوری شاری کەرکوک و چیای حەمرین بۆ سەر پێگەکانی داعش ئەنجامداوە، کە لە ئێستادا بە نوێترین فڕۆکەی جەنگی لەسەر ئاستی جیهان ناودەبرێت.

لە بەیاننامەیەکدا هێزی ئاسمانی ئەمریکا بڵاویکردەوە، دوو فڕۆکەی جۆری ئێف ٣٥ چەند هێرشێکیان کردووەتە سەر بنکەو پێگەکانی ڕێکخراوی داعش لە عێراق، کە حەشارگە و تونێل و کۆگای چەک و تەقەمەنی ئەو ڕێکخراوەی کردووەتە ئامانج.

لە بەیاننامەکەدا روونکراوەتەوە، بۆردومانەکان ناوچەکانی "دۆڵی شای"ی باشوری پارێزگاری کەرکوک و زنجیرە چیای حەمرین، لە چوارچێوەی هێرشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

دوای بۆردومانەکانیش هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر چەند وێنەیەکی فڕۆکەی جۆری ئێف ٣٥ی بڵاوکردووەتەوە لە کاتی جێبەجێکردنی بۆردومانەکان بۆ سەر پێگەکانی داعش.

بە گوێرەی بەیاننامەکە ئەو دوو فڕۆکەیە لە ڕۆژی ١٥ی نیسانی ڕابردوەوە خراونەتە خزمەت فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە زاری  "یوسف مۆریس" یەکێک لە فڕۆکەوانەکانی ئەو فڕۆکانەی بۆردومانەکەیان ئەنجامداوە بڵاویکردەوە، ئەم جۆرە فڕۆکانە توانایەکی باشیان هەیە لە کۆکردنەوەی زانیاری لە گۆڕەپانی جەنگ و چارەسەرکردن و شیکردنەوەیان و دیاریکردنی ئامانجەکانی بە وردترین شێوە.

فڕۆکەی ئێف ٣٥ بەهۆی ئەو تایبەتمەندیەی کە بە شەبەح ناسراوە، توانای خۆشاردنەوە و سەرلێشواندنی سیستمی ڕاداری هەیە و بە دووەم فڕۆکەی جەنگی نەوەی پێنجەمی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا دادەنرێت.

فڕۆکەکە لە لایەن کۆمپانیای "لۆکهید مارتن"ی ئەمریکاوە دروستکراوە و نرخی هەریەکەیان ١٢٢ ملیۆن دۆلارە.

ع.م