سەردێڕ:

سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ٢٥ ملیۆن دیناری وەک خەڵات بەخشییە ژنە پەرلەمانتارەکان

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-04-30

7479 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد حەلبوسی سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بری ٢٥ ملیۆن دیناری وەک خەڵات بەخشییە هەر یەک لە ژنە پەرلەمانتارەکانی عێراق.

سەرچاوەیەکى نزیک لە محەمەد حەلبوسی بە ئێن ئاڕ تی عەرەبی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ٣٠ی نیسان، بەبۆنەى جەژنى ئافرەتانەوە سەرۆکى پەرلەمان بڕی ٢٥ ملیۆن دیناری داوەتە هەر یەکێک لە ژنە پەرلەمانتارەکانی پەرلەمان کە  کۆی بڕەکە زیاتربووە لە دوو ملیار دینار.

ئەوەشی وتووە، سەرجەم ئەو ژنە پەرلەمانتارانەى پارەکەیان وەرگرتووە  ژمارەیان ٨٣ کەسە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، دواکەوتنی دابەشکردنی ئەو دیارییە گرانبەها کە بڕی دوو ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، هاوکاتە لەگەڵ جموجوڵ و کێشەی ڕێککەوتنەکان سەبارەت بە سەرۆکایەتی لیژنەکانی ناو پەرلەمان.

ئەو سەرچاوەیە بە دووریشی نەزانی ئەو دیاردەیەی حەلبوسی هەوڵێک بێت بۆ داپۆشینی ئەو پێشێلکاریی و سەرپێچییانەی کە ئەنجامی داوە، وەک یەکلانەبوونەوەی بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگر و سەرۆک و بڕیاردەری لیژنەکانی پەرلەمان، یاخود بەکاربهێنرێت وە پاڵنەرێک بێت بۆ دیاریکردنی کەسایەتی دیاریکراو بۆ سەرۆکی لیژنەکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەی هەشت مانگ تێپەڕیووە بەسەر سازکردنی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام هێشتا کێشەی سەرۆک و جێگری سەرۆکی لیژنەکان یەکلایی نەکراوەتەوە.

هـ .ر