سەردێڕ:

وردەکاریى سەردانەکەى وەزیرى دەرەوەى تورکیا بۆ هەرێم

فۆتۆ: 
2019-04-29

5006 جار خوێندراوەتەوە

مەولود چاوشئۆغڵو دوای زنجیرەیەك دیدار و چاوپێكەوتن لە بەغدا و بەسرە، بە جانتایەکى پڕ لە پرسی نهێنى گەیشتە هەولێر و جگە لەوەى نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لێ کرد، بەڵام دەستپێکى دیدارەکانی لەگەڵ مەسرور بارزانى ڕاسپێردراو بۆ کابینەى نوێی حکومەت بوو.

مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا، لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ هەولێر و لەناو بیناى ئەنجومەنى وەزیراندا بە جیا لەگەڵ هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى حکومەت و قوباد تاڵەبانى و بەشێک لە وەزیرەکانى یەکێتى کۆبووەوە و کۆى کۆبوونەوەکانیشی داخراو بوون، کە لە ناوەرۆکدا کۆى کۆبوونەوەکان حزبی بوون لە چوارچێوەى بیناى فەرمى حکومەتدا.

گرنگترین تەوەرەكانی كۆبوونەوەکانى وەزیری دەرەوەی توركیا لەگەڵ بەرپرسانى هەرێم، پرسی ئەو سکاڵایە بووە کە ساڵى ٢٠١٤ عێراق لەدادگاى نێودەوڵەتى لەسەر تورکیا تۆماریکرد، بەهۆى رێککەوتنى پەنجا ساڵەى نەوتى لەگەڵ هەرێم و هەناردەکردنى نەوتى هەرێم لەرێگەى بەندەرى جەیهانەوە.

سکاڵاکە لە دوو ساڵى رابردوودا چەندین قۆناغى بڕیوە و گەیشتووەتە قۆناعى پێشکەوتوو، کە تێیدا عێراق داواى بڕى ٢٦ ملیار دۆلار قەرەبووى کردووە لە تورکیا، بەهۆى هەناردەکردن و فرۆشتنى نەوتى هەرێمەوە.

چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار لەسەردانەکە بە ئێن ئار تیان راگەیاند، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانی چاوشئۆغلۆ بۆ ھەولێر، گەیاندنى پەیامى ئەنقەرە بووە بەبەرپرسانى هەرێم کە ئەگەر تورکیا ئەو سکاڵایە بدۆڕێنێت پێویستە هەرێمى کوردستان ئەو سزا مادییە بدات بە بەغدا کە بڕەکەى ٢٦ ملیار دۆلارە.

چاوشئۆغڵو بژاردەى ئەوەشى خستووەتە بەردەم بەرپرسانى هەرێم، کە هەوڵبدەن ئەو کێشەیە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات و بەغدا ڕازى بکات بە کشانەوەى ئەو سکاڵایە، چونکە بە دۆڕاندنى سکاڵاکە بەرامبەر بە بەغدا، تورکیا ڕێگرى لە ناردنە دەرەوەى نەوتى هەرێم دەکات لە بەندەرى جەیهانەوە، هاوکات مەترسی لەسەر ئەو هەژمارە بانکییەى هەرێم دروست دەبێت، کە تورکیا بۆ داهاتى نەوتى هەرێم لە هالک بانک لە ئەتا شەهیرى ئەستەنبوڵ دروستى کردووە.

بەپیی زانیارییەکان، لەمساڵدا تورکیا داواى لە عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق کردووە کە سکاڵاکە رابگرێت و هەرچەندە چەند سەرچاوەیەک باس لە رەزامەندى عەبدولمەهدى دەکەن لەو بارەیەوە، بەڵام هێشتا بەغدا بەفەرمى هیچ لێدوانێکى لەو بارەیەوە نەداوە.

هەر بەپێى زانیارییەکان، چاوشئۆغلۆ لەسەردانەکەیدا بۆ هەرێم دەیەوێت گرنتى وەرگرتنەوەى ئەو قەرزانە لە هەولێر لە نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانى وەربگرێت کە تورکیا داویەتى بە هەرێم.

یەکیکی تر لە ئەجێنداى سەردانەکەى چاوشئۆغلۆ بۆ عێراق و هەرێم ئەوەیە کە لە ئێستادا پەرلەمانى عێراق دەیەوێت بە پڕۆژە یاسایەک بوونى هێزە بیانییەکان لە سنورى خاکى عێڕاقدا قەدەغە بکات، بەمەش چارەنووسی زیاتر لە سێ هەزار ئەفسەر و سوپاى تورکیا لە ناوچە سنورییەکانى هەرێم دەکەوێتە مەترسییەوە، هەر بۆیە وەزیرەکەى تورکیا دەیەوێت گرنتى لە هەرێم و عێراق وەربگرێت بە مانەوەى بنکە و بارەگاکانى ئەنقەرە لە ناوچە سنورییەکانى هەرێم.

ئ.ر