سەردێڕ:

بەغدا.. قسەیەکی موقتەدا سەدر پەیوەندییەکانى نێوان بەحرەین و عێراقى ئاڵۆزکردووە

فۆتۆ: 
2019-04-29

5527 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدری رێبەری ڕەوتی سەدر لەبەیاننامەیەكدا ئێوارەی شەممە داوایكرد حكومەتەكانی سوریا و بەحرەین و یەمەن لەسەركار لابچن لەپێناو بەرقەرار بوونی سەقامگیریی لە ناوچەكە، بەدوای ئەمەشدا وەزیری دەرەوەی بەحرەین خەلید بن ئەحمەد، بە دوو تویتی توند وەڵامی دایەوە، ئەمەش خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەرفراوانی جەماوەریی و دیبلۆماسی لە عێراقدا دژی وەزیرە بەحرەینییەكە بەدوای خۆیدا هێناو سەرەنجامیش پەیوەندی هەردوو وڵات چووە حاڵەتی گرژییەوە.

خالید ئەحمەد لەتویتی یەكەمدا باس لەوە دەكات، عێراق كەوتووەتە ژێر پێی ئێران، كەچی لەبری بەرەنگاربونەوەی ئەم حاڵەتە، سەدر رێگا ئاسانەكەی هەڵبژاردووە كە هێرشكردنە سەر بەحرەینە.

وەزیری دەرەوەی بەحرەین داوادەكات خودا عێراق بپارێزێت لەگەمژەی خۆسەپێنی وەك سەدر، وەک ئەوەی لەتویتەكەدا هاتووە، لە كاردانەوەی دووەمیشدا ناوبراو ئاستی هێرشەكانی بەرزتر دەكاتەوە و دێڕە شیعرێك لەسەر سەگ دەهێنێتەوە و لەخوارەوە بەهاشتاك نوسیوویەتی #موقتەدا.

بەرامبەر ئەم كاردانەوە بەحرەینییە كە تائێستا تەنها لەچوارچێوەی وەزارەتی دەرەوەو خودی وەزیر خالید ئەحمەد دایە وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای پۆزش لە میرنشینی بەحرەین دەكات، بەوپێیەی موقتەدا سەدر سیمبولێكی عێراقییە و بەتوندی ئیدانەی پەرچەكردارەكەی كردووە.

لەدەرەوەی ئاستە فەرمییەكانیش بەرپرسە حكومی و پەڕلەمانییە شیعە و سوننەكان هەڵمەتێكیان دژی وەڵامەكانی وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین دەستپێكردووە، بەوپێیەی سنورەكانی وەڵامی سیاسی و یپلۆماسی تێپەڕاندووە و چووەتە خانەی تەشهیرو بێ ڕێزییەوە.

لایەنگرانی سەدر چ لە بەغدا و نەجەف لەبەردەم نوێنەرایەتییەكانی بەحرەین كۆبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی هێرشكردنە سەر رێبەرەكەیان. لەپێناو بەرگرتن لەپێشهاتی نەخوازراویش سەدر داوایلێكردن چەپكە گوڵ لەرێگای دیپلۆماتكارانی بەحرەینییەوە پێشكەش بەگەلی بەحرەین بكەن و بەمجۆرەش بەرگری لەهەڵوێستی سەركردەكەیان بكەن و جیاوازی مامەڵەی هەردوولاش دەربخەن.

چاودێرانى سیاسى كێشەی سەدر و شیعەكان بەگشتی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەحرەین دەگەڕێننەوە بۆ ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی زۆرینەی شیعەی ئەو وڵاتە لەگەڵ بنەماڵەی پاشایەتی حوكمڕان كە سەرباری ئەوەی سەر بەكەمایەتی سوننەن تۆمەتبار دەکرێن بەوەى كەچی بەزەبر و زەنگ زۆرینەی شیعەی وڵات سەركوت دەكەن.

چاودێران پێیانوایە ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییەی بەحرەین و سەدر قەیرانی حوكمڕانی و شوناسی دەوڵەت و مەرجەعیەتی بڕیار دەردەخات لە عێراق، كە كێشە مەزهەبییەكانی دەرەوەی سنور بوونەتە بابەت و تەوەرەی هەڵوێست وەرگرتنی سەركردە سیاسی و ئاینییەكان لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، ئەمەش ناوبەناو پەرچەكرداری توندا بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەت لەئێستادا كە جەمسەرگیرییە سیاسییەكان لەنێوان وڵاتانی سوننەی كەنداو بەپاڵپشتی ئەمەریكا و شیعەكان بەپاڵپشتی تاران لە پەرەسەندنی بەردەوامدایە.