سەردێڕ:

​عێراق: ڕەتیدەکەینەوە خاکەکەمان دژ بە تورکیا بەکاربهێندرێت

فۆتۆ: 
2019-04-28

1551 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند، ڕەتیدەکەنەوە خاکی عێراق دژ  بە تورکیا بەکاربهێندرێت.

محەمەد عەلی حەکیم وەزیری دەرەوەى عێراق لەدوای کۆبوونەوەى لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، "نابێت خاکی ئێمە دژ بە تورکیا بەکاربهێندرێت و دەبێت سنورەکانمان ئارامبێت و بە هەموو شێوەیەک هێرشکردنی سەر تورکیا لە عێراقەوە ڕەتدەکەینەوە".

ئەوەشی وت، تاوتوێی بارزگانی نێوان تورکیا و عێراق کراوە و هەوڵدەدرێت ئاسانکاری بۆ کۆمپانیا تورکییەکان بکرێت و بتوانن کاڵاکان لە خاکی عێراقەوە بەرەو وڵاتانی تری کەنداو بنێرن.

ناوبراو ڕاشیگەیاند،، پرسی ئاو یەکێکە لە پرسە هەستیارەکان و لەگەڵ وەزیری دەرەوەى تورکیا گفتوگۆمان لەبارەوە کردووە.

هاوکات مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەى تورکیا لە کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند، دوای سەردانی بەسرە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.

مەولود چاوشئۆغڵو وتیشی، کۆتایی ئەمساڵ ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی عێراق دەکات و چەندین پرس تاوتوێ دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، مۆڵەتیان وەرگرتووە بە کردنەوەی دوو کونسوڵخانە لە شاری کەرکوک و شاری نەجەف.

ئەوەشی وت، لە ئێستادا عێراق وەک پار ساڵ وشکەساڵی نییە و بەڵکو ئاو زۆرە و کێشەى لافاوی هەیە و ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە پێویستە عێراق و تورکیا هاوکاری وهەماهەنگی تەواویان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاو بە نێوانیاندابێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ تاوتوێی چەند پرسێکی جیاواز گەیشتووەتە شاری بەغدا و وا بڕیارە چەند ڕۆژێک بمێنێتەوە.

هـ،ڕ