سەردێڕ:

هاوپەیمانی فەتح وەڵامی باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە بەغدا دایەوە

دوای بەیاننامەکەی لەسەر سامانەکەی عەلی خامنەئی
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-04-27

6445 جار خوێندراوەتەوە

هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، ئەو لێدوانەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەربارەی عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران، کە باس لە سەروەت و سامانەکەی دەکات، پێشێلکردنی مەرجەعیەتی ڕێزلێگراوی ڕۆڵەکانی گەلی عێراقە و داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد وەک کەسێکی نەخوازراو سەیری (جۆی هود) باڵیۆز ئەمریکا بکات لە بەغدا.

لە بەیاننامەیەکدا هاوپەیمانێتییەکە بڵاویکردەوە "هاوپەیمانی فەتح بە توندی دژی بەکارهێنانی نوێنەرایەتی و باڵیۆزخانەی وڵاتانە لە عێراق بۆ هێرش کردن سەر هەر دەوڵەتێک، یان سوکایەتیکردن بە مەرجەعیەتە ئاینییەکان، کە گەلی عێراق بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات سوکایەتی پێبکرێت".

لە بەیاننامەکەدا هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کارە پێچەوانەی پەیڕە و بنەماکانی کاری دیپلۆماتییە و ئەوەش کە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە گوتراوە، "پێشێلکارییەکی گەورەیە" بۆ سەر یەکێک لە مەرجەعە ئایینییە پایەبەرزەکان بەلای گەلی عێراقەوە، بە تایبەت کە لە لایەن ماڵپەڕی فەرمی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەو هەنگاوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا پێشێلکارییەکی ڕەها و قبوڵنەکراوە و داواشی لێ دەکەین ئەو پۆستە خراپە لابەرێت، داواش لە وەزارەتی دەرەوە دەکەین بانگهێشتی جۆی هود باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات و یاداشتێکی ناڕەزایەتی توندی ڕادەست بکات".

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەی هاوپەیمانی فەتح جەختیکراوەتەوە، گەلی عێراق بە مافی خۆی دەزانێت بەگوێرەی یاسا و لە ڕێگەی کەناڵە سیاسی و دیپلۆماتییەکان و چالاکییە جەماوەرییەکانەوە وەڵامی ئەو سوکایەتیپێکردنە بداتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بەیاننامەیەکی لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی خۆیەوە بڵاوکردبۆوە سەبارەت بە سەروەت و سامانی عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران و سامانەکەی بە ٢٠٠ ملیار دۆلار خەمڵاندبوو، لە کاتێکدا بەهۆی نالەباری دۆخی ئابوری ئەو وڵاتەوە گەلی ئێران لەژێر هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن.

هاوپەیمانی فەتح  لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جیابووەتەوە و پێکهاتووە لە هاوپەیمانێتیەکی سیاسی کە ١٥ هێز و گروپی  هێزە سیاسییە شیعییەکانی عێراق لە خۆ دەگرێت، هاوپەیمانێتییەکە لە ساڵی ٢٠١٨ و بەر لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە لە لایەن هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییەوە پێکهێنراوە.

ع.م