سەردێڕ:

ئێران داوای گۆڕینەوەی دیلەکانی لەگەڵ ئه‌مریكا ده‌كات

فۆتۆ: 
2019-04-25

3177 جار خوێندراوەتەوە

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ، پێشنیازی بۆ ئەمریکا دووبارە كردەوە، کە وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه‌ گیراوەکانی هەردوو وڵات ئاڵوگۆڕ بكات.

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌میانه‌ی وتارێكیدا له‌ دامه‌زراوه‌ی فیكریی كۆمه‌ڵگه‌ی ئاسیا له‌ نیویۆرك، داوای له‌ حكومه‌تی واشنتۆن كردوە ئه‌و هاوڵاتییه‌ ئه‌مریكییانه‌ی له‌ ئێران گیراون له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڵاتییه‌ ئێرانییانه‌ی له‌ ئه‌مریكا گیراون، ئاڵوگۆڕیان پێبكرێت.

باسی لەوەشکرد، شه‌ش مانگ بەر لە ئێستا پێشنیاری دیل به‌دیلیان كردووه‌، به‌ڵام وه‌ڵامێكیان له‌ حكوومه‌تی تره‌مپ وه‌رنه‌گرتووه‌.

هاوکات زه‌ریف ره‌خنه‌ی له‌ سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا گرت دژی ئێران و هۆشداریی دایه‌ ئه‌مریكا له‌باره‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كانی داخستنی گه‌رووی هورمزه‌وه‌، وتیشی، "ئێران به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ فرۆشتنی نه‌وت و په‌یداكردنی كڕیار، به‌رده‌وامده‌بین له‌ به‌كارهێنانی گه‌رووی هورمز وه‌ك رێگایه‌كی ئارام بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌كه‌مان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا هه‌ستێت به‌ ڕێگریی شێتانه‌ له ‌دژمان، پێویسته‌ ئاماده‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانی بێت".

ئەمەش دوای ئەوە دێت، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لەسەر سەپاندنی گەمارۆکانی بەسەر ئێراندا، بۆئەوەی نەتوانێت نەوتی وڵاتەکەی هەناردەی دەرەوە بکات، بە وتەی پۆمپیۆ ئێران داهاتی نەوت بۆ پشتیوانیکردن لە "تیرۆر" بەکاردەهێنێت.

د.ن