سەردێڕ:

مانگی تەموزی داهاتوو تورکیا موشەکی ئێس ٤٠٠ی ڕوسی وەردەگرێت

نیگەرانی ئەمریکا زیاتر دەکات
فۆتۆ: 
2019-04-24

1936 جار خوێندراوەتەوە

ئەلیکسەندەر مەیخییف سەرۆکی دامەزراوەی هەناردەکردنی چەکی ڕوسیا، ناسراو بە (ڕوس ئاوبۆرون ئێکپۆرت) ئاشکرایکرد، یەکەم کاروانی موشەکی دژە ئاسمانیی جۆری ئێس ٤٠٠ی روسی لە مانگی تەموزی داهاتوودا دەگاتە تورکیا.

مەیخییف بە ئاژانسی هەواڵیی ئینتەرفاکسی وڵاتەکەیی ڕاگەیاندووە، لە مانگی تەموزی داهاتوودا دەست بە هەناردەی دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، مۆسکۆ و ئەنقەرە ڕێککەوتوون بەشێک لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئەو سیستمە موشەکییە بگوێزرێتەوە بۆ ناو خاکی تورکیا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئەو لێپرسراوە باڵایەی دامەزراوەی سەربازیی ڕوسیا جەختیکردەوە، لەگەڵ تورکیا هەموو شتێکیان باسکردووە و لەسەر هەموو شتێک پێکهاتوون، هەماهەنگی هەیە و کاردەکەن لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گرێبەستەکاندا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداریی دایە تورکیا، لە کڕینی سیستمی موشەکیی ئێس ٤٠٠ی ڕوسی، چونکە ئەنقەرە خۆی بێبەش دەکات لە وەرگرتنی فڕۆکەی جۆری ئێف ٣٥ی پێشکەوتووی ئەمریکی.

دوو هەفتە لەمەوبەریش واشنتۆن ناردنی کەلوپەلی لۆجستیی ئەو جۆرە فڕۆکەیەی بۆ تورکیا ڕاگرت.

ع.م