سەردێڕ:

ئاوخواردنەوە؛ یەکێک لە ئاسانترین رێگاکانی کێش دابەزاندن

فۆتۆ: ئەرشیف
2019-04-24

6873 جار خوێندراوەتەوە

خواردنەوەی ئاو بە گەدەی بەتاڵ یەکێکە لە ئاسانترین رێگاکان بۆ دابەزاندنی کێشی جەستە.

گۆڤاری فۆکەسی ئەڵمانی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، کە خواردنەوەی ئاو هەموو بەیانییەک دەتوانێت یارمەتی دابەزاندنی کێشی جەستە بدات، ئەوەشی بە رێگایەکی کارا و ئاسان لە دابەزاندنی کێشدا وەسف کردووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، خواردنەوەی بڕێک ئاو راستەوخۆ دوای لە خەوهەستان کاریگەری باشی بۆ تەندروستی هەیە، چونکە خواردنەوەی ئاو لە کاتێکدا گەدە بەتاڵە یارمەتی چالاکبونەوە و نوێبونەوەی خانەکانی جەستە دەدات کە لەشەودا جەستە لەدەستیان دەدات، هەروەها چالاکییەکانی جگەر بەهێزدەکات، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتەکە ئەو ئاوەی دەخورێتەوە نابێت زۆر سارد بێت.

راپۆرتەکەی گۆڤاری فۆکەس دەشڵێت، توێژینەوەکانی رابردوو گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی رۆژانە خواردنەوەی بڕێک ئاو لە کاتێکدا گەدە بەتاڵە دەتوانێت یارمەتی دابەزاندنی کێشی جەستە بدات.

گۆڤارەکە نوسیویەتی، خواردنەوەی ئاو یارمەتی سوتاندنی بڕێکی زۆر کالۆری لە جەستەدا دەدات، هەروەها ڕێگەدەگرێت لە برسێتی و کۆنترۆڵی برسێتی دەکات، هەروەها خواردنەوەی بڕێک ئاو پێش نانخواردن رێدەگرێت لە زۆرخواردن، کەسەکە ژەمێکی ئاسایی و دوور لە زیادەڕۆیی لە نانخواردنیدا دەبێت.

هەرچەندە خواردنەوەی رۆژانە ئاوی پێویست لە نێوان هاوڵاتیانی وڵاتاندا بەگوێرەی کەشوهەوایان جیاوازە، بەڵام راپۆرتەکە پێشنیار دەکات وەکو شێوازێکی تەندروستی، هەر کەسێک دوای لە خەو هەستان و بەگەدەی بەتاڵ  باشترە نیولیتر ئاو بخواتە، دوای ٤٥ خولەکیش ئینجا نانی بەیانی بخوات.