سەردێڕ:

ڕۆحانی: ئێمە سعودیە و ئیماراتمان لە هێرشی سەدام پاراست

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران هۆشداری دایە سعودیە و ئیمارات
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-04-24

4662 جار خوێندراوەتەوە

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، بەڵێنی سعودیە و ئیمارات بەوەی قەرەبووی بازاڕی نەوتی جیهان دەکەنەوە لەبری نەوتی ئێران، بە مانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئێرانە.

ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" ی ئێران لە زاری ڕۆحانییەوە ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٤ی نیسانی ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، ئێران خاوەنی پەیوەندییەکی باش و لەبارە لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی هاوسێ جگە لە دوو وڵات، کە پێویستە زۆر ئاگاداری هەڵسوکەوتەکانیان بێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە لەسەر سعودیە و ئیمارات بزانن کە بوون و مانەوەیان بەندە بە بڕیاری حەکیمانەی ئێرانەوە.

 بە هەریەکە لە سعودیە و ئیماراتی ڕاگەیاند "سەدام حسێن بەردەوام پەیامی ناردووە بەوەی دەوڵەتانی کەنداو داگیر دەکات، با بێت بەشداری لەگەڵدا بکەن، بۆیە نابێت ئەو کارە مەزنەی ئێران لە بیر بکەن، چونکە ئێمە بوونی سعودیەمان ڕزگار کرد، ئەگەر لەو کاتەدا بڕیارێکی ترمان بدایە، پێدەچێت ئەمڕۆ شتێک نەبوایە بە ناوی سعودیە و ئیماراتەوە".

لە بەشێکی تری وتەکانیدا جەختیکردەوە، پێویستە لەسەر سعودیە و ئیمارات ئەوەیان لەبەرچاو بێت کە ئەستەمە بتوانرێت هەناردەی نەوتی ئێران بگاتە سفر".

سەرۆک کۆماری ئێران ڕوونیکردەوە، گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە سزاکان زەلیلیە، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە ئەگەر سزاکان لاببرێت و ڕێزگرتنی هاوبەش هەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، کارێک دەکەن واشنتۆن سەرزەنشتی خۆی بکات، بۆیە هیچ شتێک لە بەردەمیاندا نەماوە جگە لە بژاردەی بەردەوامی و بەرگریکردن.

دەربارەی هەڵوێستی رابەری ئێرانیش سەبارەت بە سزاکانی ئەمریکا، عەلی خامنەئی ڕایگەیاند "سەبارەت بەم جموجوڵەی ئەم دواییەی ئەمریکا، هەوڵەکانیان هیچی لێ بەرهەم نایەت، ئێمە دەتوانین بەو هێندەیەی پێویستمانە نەوت هەناردە بکەین، ئەوانەی وا گومان دەبەن کە ڕێگاکانیان لە ئێمە داخستووە،ئەبێ بزانن ئەگەر گەل و لێپرسراوانی ئێران ڕاپەڕن دەتوانن زۆرێک لە ڕێگا داخراوەکان بکەنەوە".

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کاردەکات لەپێناو گەیاندنی بڕی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ سفر، و لەگەڵ کۆمپانیاکان قسەیان کردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەمبوونەوەیەی نەوتی ئێران لە بازاڕی نەوتی جیهانیدا.

پۆمپیۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن ڕۆژی (٢٢ی نیسانی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لەسەر سەپاندنی گەمارۆکانی بەسەر ئێراندا، بۆئەوەی نەتوانێت نەوتی وڵاتەکەی هەناردەی دەرەوە بکات، بە وتەی پۆمپیۆ ئێران داهاتی نەوت بۆ پشتیوانیکردن لە "تیرۆر" بەکاردەهێنێت.

ئەو وتانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی ئەمریکا دەیەوێت لە مانگی داهاتوودا کۆتایی بە مۆڵەتی بەخشینی چەند وڵاتێک بۆ بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران بهێنێت و هەر وڵاتێک پابەند نەبێت سزا دەدرێت.

لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزاکانی سەر ئێرانی توندتر کرد، ئەوەش دوای کشانەوەی تاکلایەنانەی دۆناڵد ترەمپ هات لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لە ساڵی ٢٠١٥.

ع.م