سەردێڕ:

سەعدى پیرە: هه‌فته‌ی داهاتوو پڕۆتۆكۆلی پێكهێنانی حكومه‌ت واژۆ ده‌كرێت

فۆتۆ: 
2019-04-24

1563 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، هێرش قادر

ئەندامێکى مەکتەبی سیاسی یەکێتى ئاشکرایکرد، هه‌فته‌ی داهاتوو پڕۆتۆكۆلی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ لایه‌ن ئه‌و لایه‌نانه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم پێكده‌هێنن واژۆ ده‌كرێت.

سەعدى ئەحمەد پیرە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو ڕایگەیاندووە، لەگەڵ پارتى لەسەر ھەموو شتێک رێککەوتوون، بەپێی رەشنووسی یاساش سەرۆکی ھەرێم دوو جێگری دەبێت و ئەو دوو جێگرە دوای ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم بە ١٥ رۆژ وەزیفەیان لە لایەن سەرۆکی ھەرێمەوە دیاریدەکرێت.

هاوکات ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تیی ڕاگەیاند، ئەوان تا لەگەڵ پارتی ڕێککەوتنەکە واژۆ نەکەن ناوی کاندیدەکانیان بۆ پەرلەمان و پۆستە حکومیەکان ئاشکرا ناکەن.

وتیشی، چاوەڕوانی پارتین تا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بکەن و وەڵامیان بدەنەوە بۆ واژۆکردنەکە.

ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە سەرکردایەتی پارتی کۆببێتەوە و کۆتا بڕیار لەسەر پشکی لایەنەکان لە حکومەتی داهاتوو بدات.

٢٠٦ ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا تێدەپەڕێت، بەڵام تائێستا کابینەى نوێی حکومەت پێکنەهێنراوە.

ئ.ر