سەردێڕ:

تەکیە.. هێرش کرایە سەر تیمێکى ئێن ئاڕ تى

بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکران
فۆتۆ: 
2019-04-24

12632 جار خوێندراوەتەوە

لەلایەن پۆلیسی ناحیەى تەکیەوە هێرش کرایە سەر تیمى بەرنامەى بێ سۆراخى کەناڵى ئێن ئاڕ تى و بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکران.

وریا حەمە کەریم ئامادەکار و پێشکەشکارى بەرنامەى بێ سۆراخ باسی لەوەکرد، دواى پێشکەشکردنى ئەڵقەیەکى بەرنامەکەى لەمانگى شوباتى ئەمساڵدا، لەلایەن کەسێکەوە ئاگادارکراوەتەوە کە ئەو کەسەى وەکو ونبوو ئاماژەى پێکراوە، کۆچی دوایی کردووە و لەناحیەى تەکیە نێژراوە.

وتیشی، دواى ئەوەى بە فەرمانى دادوەر گۆڕەکە هەڵدرایەوە، لەلایەن پۆلیسى ناحیەکەوە ڕێگرى لە تیمى بەرنامەکە کرا وێنەى ڕووداوەکە بگرن.

ئاماژەى بەوەشکرد، بەبیانووى وێنەگرتن لەڕیگەى مۆبایلەوە، لەلایەن بەڕێوەبەر و ژمارەیەک پۆلیسی بنکەى پۆلیسی ناحیەى تەکیەوە، هێرشیان کراوەتەسەر و بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کراون و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیاندا گرت.

ئ.ر