سەردێڕ:

دادگای ئیداری سەعید کاکەیی گەڕاندەوە بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان

فۆتۆ: 
2019-04-24

1684 جار خوێندراوەتەوە

سەعید کاکەیی ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، توانی ئەو داوایە بباتەوە کە لە دادگای ئیداری لە دژی سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران تۆماریکردبوو.

وەک لە دەقی بڕیارەکەی دادگادا هاتووە، داواکار سەعید حەمید ئەمین کاکەیی دەتوانێت بچێتەوە سەرکارەکەی خۆی و دەست بە دەوامکردن بکاتەوە، وەک ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.

بە گوێرەی بڕیارەکە دەبێت سکاڵا لەسەر کراو "سەرۆکی کۆمسیاران" سەرەڕای کارەکەی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، سەرجەم تێچوونی داواکە لە ئەستۆ بگرێت.

لە بڕیارەکەی دادگادا ئاماژە بەوە کراوە بە بێ بوونی هیچ بنەمایەکی یاسایی متمانە لە سکاڵاکار سەندراوەتەوە، کە بە گوێرەی یاسا نابێت لە ٦٠ ڕۆژ زیاتر بێت.

لە کۆتایی بڕیارەکەی دادگادا ئاماژە بەوە کراوە، بریارەکە قابیلی تێهەڵچوونەوەیە تا ئەو کاتەی لە ماوەی یاسایی خۆیدا پلەی کۆتایی وەردەگرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە سەعید کاکەیی وەک نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، دەستوەردان دەکرێت لە کارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکاندا، بە تایبەت کە ماوەیەک بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕی بوو ئەنجامی کۆتایی ڕانەگەنرابوو لەلایەن دادگاشەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسەند نەکرابوو.

لەسەر ئەو لێدوانانە کۆمسیاری باڵا لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بڕیاریدا بە دەستپێلەکار کێشانەوەی سەعید کاکەیی و تۆمەتباری کرد بەوەی بێ مۆڵەتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لێدوانی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند داوە.

 سەعید کاکەی لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی (٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٨) کە تایبەت بوو بە هەمواری چوارەمی یاسای هەڵبژاردن بەشداری کرد و باسی لەو ساختەکارییانەکرد کە لە کاتی پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامدراون.

سەعید کاکەیی دوای هەڵبژاردنەکانی ئایاری ساڵی رابردوو رایگەیاند، له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا (١٤٦٨) سكاڵای لایه‌نه‌كان له ‌هه‌ڵبژاردنه‌كان تۆماركراوه‌، پارێزگای سلێمانی به‌رزترین ڕێژه‌ی سكاڵا تۆماركردنی هه‌بووه‌ كه ‌بریتیه‌ له‌ (٤٥٠) سكاڵا به‌ڵام هیچ كام له‌و سكاڵایانه‌ نه‌چونه‌ته‌ خانه‌ی سوره‌وه‌، و‌ سكاڵای لایه‌نه‌كان هه‌مووی ڕه‌تكراونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌ندامانی كۆمسیاران له‌ لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی ده‌ترسن.

رۆژی (١٦ی ئایاری ٢٠١٨) کۆمسیۆن رایگەیاند، لایەنێکی سیاسی هەڕەشەی کوشتنی لە سەعید کاکەیی ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و خێزانەکەی کردووە وسەعید کاکەیش ئەو زانیارییانەی کۆمسیۆنی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو ڕاگەیەندراوەی کۆمسیۆن بڵاویکردووەتەوە سەرلەبەری  پڕۆپاگەندە و درۆیە  و دوورە لە ڕاستی".

ع.م