سەردێڕ:

شادی نەوزاد: سکاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمار دەکەین

فۆتۆ: 
2019-04-24

34023 جار خوێندراوەتەوە

شادى نەوزاد پەرلەمانتارى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند،"ئەو کەسانەی ناڕازین هەرەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدۆيی ساختەکراویان لێدەکرێت" و دەشڵێت، "سکاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ تۆماردەکەین".

هەریەکە لە سیروان بابان و شادى نەوزاد پەرلەمانتارانى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا رایانگەیاند "بەرپرسیارییەتی دەکەوێتە سەرشانی یەکێتی و پارتیش کە لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا کەسانێکی لەو شێوەیە پەروەردە بوون کە بەو شێوەیە مامەڵە بکەن و بەمشێوەیە هەرەشە لە سەرکردایەتییەکانی خۆیان بکەن کە بە گرتەی ڤیدیۆیی دەستکاریکراو و مۆنتاژکراو هەرەشەیان لێدەکرێت و ژیانی تایبەتیان بڵاودەکرێتەوە".

ئاماژەشیان بەوەکرد، "ئەوەى کە دەگوزەرێت باندگەراییە بە تایبەتى ئەو باندەى کە بە ناوى سیاسەتەوە کاردەکات" .

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی ٢١ی نیسان فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق  و چوار پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکە لە پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتییان بڵاوکردەوە ونیگەرانیی خۆیان لە سەرکردایەتی جوڵانەوەکە دەربڕی.

شەوى ڕابردووش شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "چاوەڕوان بن دوو ڕۆژی تر دێمەوە خزمەتتان و دڵنیابن کە ڕاستگۆیی و ئەخلاقی جوان سەردەکەوێت".

ئ.ر