سەردێڕ:

سلێمانى.. بەکارهێنانى سەتڵى ڕەنگاوڕەنگ بۆ ماست قەدەغەکرا

بەهۆی زیانە تەندروستییەكانیەوە
فۆتۆ: 
2019-04-24

14167 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامییەتى سلێمانى بڕیاریدا سەتڵى ڕەنگاوڕەنگ بۆ ماست و جۆرەکانى ترى خواردن قەدەغەبکات.

لەبارەى بڕیارەکەوە ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاندووە، بەپێی ئەو توێژینەوە و بەدواداچونانەی كە لەلایەن لیژنە پسپۆڕەكانەوە كراوە بەكارهێنانی سەتڵی رەنگاوڕەنگ بۆ ماست زیان بەتەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت و بەهۆی زیانە تەندروستیەكانیەوە بڕیاری قەدەغەكردنیان داوە و هەر فرۆشیارێكیش پابەند نەبێت رووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە و لە هەرشوێنێک ئەو جۆرە سەتڵانە ببینرێت دەستى بەسەردا دەگیرێت.

هاوکات لەشكر حەمید سەرپەرشتیاری لیژنەكانی تەندروستی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەى بەوەکردووە، بەكارهێنانی ئەو جۆرە سەتڵانە بۆ ماست و جۆرەكانی تری خواردن، دەبێتە هۆی كارلێك كردنی هەندێك مادەی زیان بەخش لەگەڵ ماستەكەدا كە ئەمەش زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، زۆربەی سەتڵە رەنگاو رەنگەكان لەمەوادی دووبارە بەكارهاتوو دروست دەكرێن كە بەهیچ جۆرێك دروست نیە خواردنی تێدا هەڵبگیرێت.

سەرپەرشتیاری لیژنەكانی تەندروستی ڕوونیشیکردەوە، سەتڵی سپی سادە بۆ ماست گونجاوە بەكاربهێندرێت و پێویستە لۆگۆیەكی سێ گۆشەی لەسەر بێت و تێیدا ئاماژە بە ژمارە "٢یان٤" كرابێت، بەكارهێنانی سەتڵەكانی شوشە و فافۆن و گڵی سورەوەكراو بۆ ماست رێگەپێدراوە و هیچ گرفتێكی نیە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە ئێستادا ئەو جۆرە سەتڵانە لە زۆربەى فرۆشگا و مارکێتەکاندا دەبینرێت کە زیاتر بۆ ماستى خۆماڵى بەکاردەهێنرێن و بەوهۆیەشەوە هاوڵاتییان زیاتر خواستیان لەسەر کڕینى ئەو جۆرە ماستە هەیە.

ئ.ر