سەردێڕ:

لە کاتی وتاری پەروین بوڵدان ئەردۆغان هۆڵی پەرلەمانی جێهێشت

هۆڵی پەرلەمانی تورکیا
فۆتۆ: میدیاکانی تورکیا
2019-04-23

35736 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ئەردۆغان لەکاتی وتاری پەروین بوڵدان، هۆڵی ئەنجومەنی گشتی پەرلەمانی تورکیای بەجێهێشت و رایگەیاند، گوێ لەو کەسانە ناگرێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کاتێک پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەستی بە وتاردان کرد، هۆڵەکەی بەجێهێشت و رووی لە هۆڵی شەرەفی پەرلەمانی تورکیا کرد.

سەبارەت بە هۆکاری جێهێشتنی هۆڵەکە ئەردۆغان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "چۆن بەجێیناهێڵم؟ گوێ لەو کەسانە بگرم کە لە ناو هۆڵی پەرلەماندا سرودی سەربەخۆیی ناڵێنەوە؟ گوێ لەوانە بگرم کە سەربازەکانمان شەهید دەکەن؟ ئەوانەی کە قۆڵیان لە قۆڵی بکوژی سەربازەکانمان و شانیان بە شانیانەوەیە؟

دەربارەی ئەوەی ئایا ئەم هەنگاوە (نەوتنەوەی سرودی سەربەخۆیی لەلایەن پەرلەمانتارانی هەدەپەوە) هۆکار دەبێت بۆ داخستنی هەدەپە ئەردۆغان رایگەیاند، داخستی هەدەپە شتێکە و ئەوانەی تاوانیان کردووە شتێکی دیکەیە، داخستنی هەدەپەشتێکی جیاوازە بەڵام دەبێت یاسا بەرامبەر ئەوانەی تاوانیان کردووە بە شێوەیەکی جیاواز کاربکات.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، پەروین بوڵدان و گروپی پەرلەمانتارانی هەدەپە بۆ ئەوەی سرودی سەربەخۆیی تورکیا نەڵێنەوە، دوای سرودەکە هاتوونەتە نێو هۆڵی پەرلەمانەوە.

ع.ا