سەردێڕ:

سەرەڕای ناردنی پشکی هەرێم حکومەت موچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی بە تەواویی دابەشنەکردووە

فۆتۆ: 
2019-04-23

14108 جار خوێندراوەتەوە

لە چوار ساڵى ڕابردوودا بەهۆى بڕیارى پاشەکەوتى مووچەوە لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە، فەرمانبەران بەردەوام چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی هەواڵی هاتنی چارەکە موچەکانیان بوون بەڵام تاکو ئێستا موچەی مانگی یەکی تەواوی فەرمانبەران دابەشنەکراوە.

لە دواى ئەوەی حکومەت لە مانگى ئازارى ئەمساڵیشدا بڕیارى پاشەکەوتى موچەى هەڵوەشاندەوە، لە ئێستادا گرفتى گەورە بۆ ڕیزبەندیى لیستى دابەشکردنى موچەى وەزارەتەکان دروستبووە، تا ئێستاش چەند وەزارەتێک ماون لە مانگى چواردا، موچەى مانگى یەکى ئەمساڵ وەربگرن.

فوئاد حسێن وەزیرى دارایی عێراق کە لەسەر پشکى پارتییە ڕایگەیاندووە، موچه‌ی مانگی یەک و دوو و سێ و چوارى به ‌ته‌واوی به‌پێی یاسای بودجه‌ی عێراق ناردووه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، لەکاتێکدا ئێن ئاڕ تى یەکەم کەناڵ بوو لە ٧ى ئەم مانگەدا زانیاریی ناردنى ٣ مانگی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لەلایەن بەغداوە ئاشکراکرد.

واتە، حکومەتى عێراق مانگانە بڕى ٥٢٢ ملیار دینار وەکو بەشە بودجەى هەرێم دەنێرێت و داهاتە ناوخۆییەكان زیادیکردووە بەهۆی زیادکردنى باج لەسەر هاوڵاتییان و بەرزبوونەوەى نرخى نەوت و نەمانى جەنگى دژى داعش، بەڵام هێشتا حکومەتى هەرێم ناتوانێت مانگانە موچەى موچەخۆران لەکاتى خۆیدا دابەشبکات.

هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتارى عێراقیش دەڵێت، داهاتى ناوخۆ زیادبووە و یەكێتی و پارتی دەیبەن بۆ خۆیان، مامەڵەیەكی نادروستیش بە پارەی نێردراوی بەغداوە دەكرێت، كە بۆ هەرێم دێت و ئەگەر حكومەتی عێراقیش بزانێت ئەو پارەیەی بۆ هەرێمى دەنێرێت، كێشەی موچەی پێ چارەسەر ناكرێت، ئەوا دەیبڕێت.

سەربارى ئەو هەموو داهاتەى دەست حکومەتى هەرێم و وەزارەتى دارایی دەکەوێت، موچەخۆران و فەرمانبەران لە برى ئەوەى داواى چارەنووسى پاشەکەوتى موچەى چوار ساڵى ڕابردوویان بکەن، گرفتى گەورەیان هەیە لە دابەشکردنی مووچەکانی ئێستایاندا.

شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، داهاتى ئێستاى حکومەتى هەرێم مانگانە زیاتر لە ملیارێک و٢٠٠ ملیۆن دۆلارە، لەکاتێکدا هەرێم مانگانە پێویستى بە نزیکەى ٨٥٠ ملیۆن دۆلارە بۆ دابەشکردنى موچە.

باسی لەوەشکرد، مانگانە زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتى هەرێم نادیارە و کەس زانیاریى لەسەر ئەو پارەیە نییە، کە لە داهاتى نەوتەوە دەست حکومەتى هەرێم دەکەوێت.

ع.ا