سەردێڕ:

٣٦ کۆچبەری عێراقی و ئێرانی لە سنوری دەریایی بەریتانیا دەستگیرکران

ویستوویانە بە بەلەم بپەڕنەوە
فۆتۆ: 
2019-04-23

5174 جار خوێندراوەتەوە

هێزەکانی کەنار دەریای بەریتانیا ٣٦ کۆچبەری عێراقی و ئێرانیان دەستگیر کرد، کە ویستوویانە بە بەلەمی بچوک خۆیان بگەیەننە بەریتانیا.

میدیای ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، دوێنی دووشەممە (٢٢ی نیسانی ٢٠١٩) هێزێکی کەنار دەریای بەریتانیا ٣٦ کۆچبەری نایاساییان لە ٣ بەلەمی بچوکدا دەستگیر کردووە، کە بە نیازبوون بە دەریای "مانش"ی نێوان بەریتانیا و فەرەنسادا بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا.

لە یەکێک لە بەلەمەکاندا ١١ کۆچبەر دەستگیر کراون  کە هاوڵاتی ئێرانی بوون و لە بەرەبەیانێکی زوودا هێزەکانی کەنار دەریا ئەو کۆچبەرانەیان دەستگیر کردووە و دەستبەجێ گوێزراونەتەوە بۆ شاری دۆڤەری بەریتانیا بە مەبەستی پشکنین و چاودێریکردنی تەندروستی و دواتر دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا.

لە بەلەمی دووەمیشدا ١٥ پیاو و ژنێک و منداڵێکی تیدابووە و سەرجەمیان هاوڵاتی عێراقی بوون.

بەڵام بەلەمی سێهەمیان ٩ پیاو و ئافرەتێک دەستگیر کراون، کە سەرجەمیان هاوڵاتی ئێرانی بوون وسەرجەمیان گوێزراونەتەوە بۆ شاری دۆڤەری بەریتانیا.

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا وڵاتی بەریتانیا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناو وڵاتانی ئەوروپادا کۆچبەران ڕوویان تێکردووە و زۆربەیان ویستوویانە بە کەناڵی ئینگلیزی نێوان بەریتانیا و فەڕەنسادا خۆیان بگەیەننە ئەو وڵاتە.

دەربارەی هەوڵەکانی پەڕینەوە بە کەناڵی ئینگلیزی و مەترسییەکانی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆیی بەریتانیا ڕایگەیاند، هەر کەسێک بیەوێت لە ڕێگەی بەلەمی بچوکەوە بەو کەناڵەدا بپەڕێتەوە، ژیانی خۆی و منداڵەکانی دەخاتە مەترسییەوە، چونکە جموجوڵێکی زۆری کەشتی و بەلەمە گەورەکانی تێدایە و دەبێتە هۆی کەوتنەوەی روداوی نەخوازراو.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخەش بەریتانیا و فەڕەنسا دەستیان بە گفتوگۆی هاوبەش کردووە بە مەبەستی رێگریکردن لەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت بە کەناڵی ئینگلیزیدا خۆیان بگەیەننە بەریتانیا.

ع.م