سەردێڕ:

ئاوى ژێر زەوى بەپێى ناوچە جیاوازەکان بەرزبووەتەوە

فۆتۆ: 
2019-04-23

9485 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، کارزان تاریق، سلێمانی

دواى ئەو شەپۆلە بارانبارینەى ئەمساڵ هەرێمى گرتووەتەوە، ڕێژەى ئاوى ژێر زەوى بەرزبووەتەوە و بەپێى ناوچە جیاوازەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

عەباس عەلى بەڕێوەبەرى ئاوى ژێر زەویى سلێمانى بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، لە سنورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان و ڕاپەرین بە ڕێژەى جیاواز ئاوى ژێر زەوى بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک سلێمانى تا چوار مەتر ئاوى ژێر زەویی بەرزبووەتەوە و لە ڕانیەش تا شەش مەتر بەرزبووەتەوە.

وتیشى، "لە مانگى پێنجدا پێوانەی تەواو دەکەین بۆ ڕادەی بەرزبوونەوەى ئاوى ژێر زەوى."

بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی سلێمانی ئەوەشى ڕاگەیاند، ئاوى ژێر زەوى پاراوکردنەوە و دەرهێنانەوەى هەیە، لەو شوێنانەى بیرى نایاسایى زۆرى لێیە ئاستى ئاوى ژێر زەوى کەمدەکاتەوە، پلانیشیان هەیە بۆ کەمکردنەوە و ڕێکخستنەوەى ئەو هۆکارانەى دەبنە هۆى کەمکردنەوەى ئاوى ژێر زەوى.

لە ڕابردوودا لێدانى بیر بە ئامێرى پایل بە هۆکارێکى سەرەکیی کەمبوونەوەى ئاوى ژێر زەوى دانراوە و، بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى کشتوکاڵیش بەهۆى لێدانى ئەو بیرە نایاساییانەوە کە ژمارەیان نزیکەى ٢٣ هەزار بیرە، لە هەندێک ناوچە ئاوى ژێر زەوى زیاتر لە ١٠٠ مەتر کەمیکردووە.

ع.م