سەردێڕ:

سوپای پاسداران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات

هێزی دەریایی ئێران لە کەنداو
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-04-22

8636 جار خوێندراوەتەوە

سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی کرد، لە بەرامبەریشدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، هەڵوێستی وا لە ئێران قبوڵناکەن.

عەلی ڕەزا تەنکسیری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە (٢٢ی نیسانی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، تاران گەرووی هورمز دادەخات ئەگەر بێتو ڕێگری بکرێت لە ئێران بەکاریبهێنێت.

ئەو فەرماندە باڵایەی سوپای پاسداران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (ئەلعالم)ی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، گەرووی هورمز ڕێرەوێکی دەریاییە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بۆیە ئەگەر ڕێگری لە تاران بکرێت بەکاریبهێنێت، ئەوا ڕێگە نادەن کەسی تر بەکاریبهێنێت.

لە بەرامبەر ئەو لێدوانەی سوپای پاسداراندا، لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکا کە ناوی خۆی بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشکرا نەکردووە ڕایگەیاند، هەر هەنگاوێک لەلایەن ئێرانەوە بنرێت بۆ داخستنی گەرووی هورمز، مایەی قبوڵکردن نییە.

فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران جەختیکردەوە، بەرگری لە ئاوە هەرێمایەتییەکانی ئێران دەکەن، ئەگەر بێتو ڕووبەڕووی هەڕەشە و دەستدرێژی ببێتەوە.

جەختیشیکردەوە، سوپای پاسداران بێدەنگ نابێت لە بەرامبەر هەر ستەمکارییەک کە بەرامبەر بە موسڵمانان بکرێت.

سەبارەت بە کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکانی ئەمریکا سەبارەت بە کڕینی نەوتی ئێران، ئەو لێپرسراوەی ئەمریکا ئاشکرایکردووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا  بڕوای بەوە هەیە سعودیە و ئیمارات پابەندی بەڵێنەکانیان دەبن، بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمبوونەوەی نەوتی ئێران لە بازاڕی وزەی جیهانیدا، کاتێک ئەمریکا دەیەوێت بڕی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی دەرەوە بکات بە سفر.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مۆڵەتی دابوو بە هەشت دەوڵەتی جیهان، بەدەر لە گەمارۆکانی واشنتۆن بەسەر تاراندا، نەوتی ئەو وڵاتە بکڕن، دوای ئەوەی ئەمریکا لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا گەمارۆی سەپاند بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا.

پێشتریش ئێران هەڕەشەی ئەوەی کردووە، ئەگەر بێتو ئەمریکا گەمارۆکانی بەسەریدا بسەپێنێت و ڕێگە بە تاران نەدرێت لە گەرووی هورمزەوە نەوتی وڵاتەکەی هەناردە بکات، ئەوا ئەویش ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادات نەوت لە ناوچەی کەنداوەوە بەو گەرووەدا هەناردەی دەرەوە بکات.

هاوکات مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی کاردەکات لەپێناو گەیاندنی بڕی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ سفر و، لەگەڵ کۆمپانیاکان قسەیان کردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەمبوونەوەی نەوتی ئێران لە بازاڕی نەوتی جیهانیدا.

پۆمپیۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن ئەمڕۆ دووشەممە (٢٢ی نیسانی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لەسەر سەپاندنی گەمارۆکانی بەسەر ئێراندا، بۆئەوەی نەتوانێت نەوتی وڵاتەکەی هەناردەی دەرەوە بکات، بە وتەی پۆمپیۆ ئێران داهاتی نەوت بۆ پشتیوانیکردن لە "تیرۆر" بەکاردەهێنێت.

ع.م