سەردێڕ:

دوای حەوت ساڵ منداڵێک توانیی بۆ یەکەمجار گوێی لە دەنگی خۆی بێت

فۆتۆ: 
2019-04-22

2947 جار خوێندراوەتەوە

کچێکی بەریتانی دوای حەوت ساڵ لە نابیستی توانیی بۆ یەکەمجار گوێی لە دەنگی خۆی بێت و یەکەم وشە بڵێت.

ماڵپەڕى بی بی سی بڵاویکردووەتەوە، لیا ئەرمیتاج دوای حەوت ساڵ بەبێ ئەوەی توانای قسەکردن و بیستنی هەبێت ژیاوە، کاتێک تەمەنی دوو ساڵ بووە نەشتەرگەرییەکی مێشکی بۆ کراوە، دواتر بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییەکەی وەرگرتووە لەگەڵ ڕاهێنانی فێربوونی قسەکردن و بیستنی شتەکانی دەوروبەری، لە کۆتاییدا سەرکەوتوو بوو، بۆ یەکەمجار گوێی لە دەنگی خۆی بووە.

بۆب، باوکی لیا، ئاشکرایکردووە، کاتێک زانیوویەتی منداڵەکەی نابیستە کچەکەی تەمەنی یەک ساڵ بووە، دوای بردنی بۆ لای پزیشکەکان، پێیانوتووە، "ئەگەر بۆمب لە تەنیشتی کچەکەت بتەقێت نایبیستێت."

کچەکەی لەکاتی لەدایکبوونیدا پەردەی گوێی ناوەوەی نەبووە لەگەڵ دەمارێکی تایبەت بە بیستن، کە جۆرێکی تایبەتی نابیستە و، هیچ جۆرە ئامێرێکی تایبەت بە لاوازیی بیستن سوودی نابێت، تەنها نەشتەرگەرییەک نەبێت کە لە مێشکدا دەکرێت.

دایک و باوکەکە ناوی منداڵەکەیان لە لیستی ناوی ئەو کەسانەدا نوسیبوو کە پێویستیان بە چاندنەوەی بەشێکی بیستن هەیە، کە نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆزبووە، لە تەمەنی دوو ساڵیدا نەشتەرگەرییەکەی بۆ کراوە.

دەستەی چاودێریی تەندروستیی جیهانی لە ئینگلتەرا ڕایگەیاند، ئەو نەشتەرگەرییە "بە تەواوی ژیان دەگۆڕێت"، ئەگەرچی زۆربەی ئەو منداڵانەی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییەیان بۆ دەکرێت سەرکەوتوو نابن و دەمرن.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو دەستەیە ساڵانە لە جیهاندا  ١٥ منداڵ، کە ئەو گرفتە تەندروستییەیان هەیە، دیاریدەکرێن بۆ ئەو نەشتەرگەرییە، ساڵانەش نۆ منداڵ ئەو نەشتەرگەرییەیان بۆ دەکرێت.

باوکی لیا ڕایگەیاند، بڕیاردان لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە بڕیارێکی قورس بووە، بەڵام ویستوویانە چانسێکی باشتر بدەن بە کچەکەیان لە ژیانیدا.

دایک و باوکی ئاماژەیان بەوە کردووە، لە دوای نەشتەرگەرییەکە و بە درێژایی پێنج ساڵ جگە لە بەکارهێنانی دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییەکەی، ڕاهێنانی دەنگی و فێربوونی وشە و قسەکردنی کردووە.

لە دوای ئەو ماوە زۆرە لیا توانیوویەتی گوێی لە دەنگی خۆی بێت و یەکەم وشە کە وتوویەتی "خۆشمدەوێیت" بووە، کە بە دایک و باوکی وتووە "خۆشمدەوێن."

دایکی لیا دەڵێت، "کچەکەم ڕۆژ بە ڕۆژ باشتر دەبێت و وشەی زیاتر فێردەبێت، ئێستا دەتوانێت گوێی لە دەنگمان بێت و ڕستەی تەواو بڵێت."

باوکی لیا دەشڵێت "بابە خۆشمدەوێیت" خۆشترین و جوانترین دەستەواژە بووە کە کچەکەی پێیوتووە.

لە کۆتاییدا دایکی ئاشکرایکرد، کاتێک شەوانە کچەکەی دەباتە جێگەی نوستن، لیا پێی دەڵێت "شەوت شاد دایکە گیان" و، ئەو شتە بووە کە هەرگیز بڕوای نەکردووە لە کچەکەیەوە بیبیستێت.

لە ئێستادا لیا لە خوێندنگەی سەرەتایی لەپاڵ هاوڕێکانی وەکو خوێندکارێکی ئاسایی وانەکانی دەخوێنێت و تێکەڵ بە هاوپۆلەکانی دەبێت.

ئ.ر