سەردێڕ:

سەنتەری میترۆ: زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بووە

فۆتۆ: 
2019-04-22

598 جار خوێندراوەتەوە

لە زانکۆی سلێمانی یادی ١٢١ ساڵەی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی دەکرێتەوە، بەڵام ڕێژەیەکی کەمی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ بەشداربوون لە یادەکەدا.

لە زۆرینەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، یادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی کرایەوە و چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەچوو، لە بەشێک لە یادەکانیشدا خەڵاتی ڕێزلێنان درایە ڕۆژنامەنووسان.

بەپێی ئامارەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، هەزار و ٢٥٠ کەناڵی میدیایی جۆراوجۆر لە هەرێمدا هەن، لە ساڵی ڕابردووشدا لە سەندیکاکەدا ١٣٧ پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان تۆمارکراون.

هاوشێوەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، هەگبەی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان پڕیەتی لە پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان، زۆرترین ڕێژەی پێشێلکارییەکانیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تۆمارکراون، بەرپرسانی سەنتەرەکەش داوادەکەن، حکومەت لێکۆڵینەوە لەبارەی پێشێلکارییەکانەوە بکات.

لەکاتی سەرھەڵدانی قەیران و توندبوونەوەی ململانێ سیاسییەکاندا، ڕێژەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان زیاتر دەبێت، تا ئێستاش ئەو کەسانەی پێشێلکارییان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان کردووە، سزا نەدراون.

ع.م