سەردێڕ:

دەوڵەمەندترین کەسی دانیمارک سێ کوڕی لە تەقینەوەکانی سریلانکادا لەدەستداوە

ئاندری هۆلشت بۆلسن ملیاردێری دانیمارکی لەگەڵ هاوسەرەکەی
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-04-22

30722 جار خوێندراوەتەوە

ئاندری هۆلشت بۆلسن ملیاردێری دانیمارکی سێ کوڕی لە تەقینەوەکانی سریلانکا لەدەستداوە.

وتەبێژێک بە ناوی خێزانی ئاندرسە بە ئاژانسی بلومبێرگی ڕاگەیاندووە، هیچ زانیارییەکی زیاتریان نییە، بەڵام داوا لە هەموو لایەک دەکات ڕێز لە تایبەتمەندیی خێزانەکە بگرێت.

ئاندرس کە بە دەوڵەمەندترین کەسایەتیی دانیمارک دادەنرێت، خاوەنی ٣٣٦ هەزار دۆنم زەویوزارە لە دانیمارک و، خاوەنی مارکەی جلوبەرگی "بێست سێڵەر" و کۆگای "ئاسۆس"ی بەریتانییە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت، کە تایبەتە بە فرۆشتنی جلوبەرگ و بابەتی جوانکاری.

بەگوێرەی ئاژانسی بلومبێرگ ئاندرس لە ئێستادا خاوەنی بڕی پێنج ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلارە.

لەکاتی تەقینەوەکاندا میدیاکانی دانیمارک بڵاویانکردەوە، ئەو خێزانە بۆ بەسەربردنی پشوو سەردانی سریلانکایان کردووە، بەڵام دووچاری ئەو ڕووداوە بوونەتەوە.

دوێنێ لە چەند تەقینەوەیەکدا لە سریلانکا کە چەند کڵێسا و ئوتێلێکی ئەو وڵاتەیان کردە ئامانج، زیاتر لە ٢٩٠ کەس کوژران و نزیکەی ٥٠٠ کەسیش برینداربوون.

ع.م