سەردێڕ:

مەسعود بارزانی و نێچیرڤان پێچەوانەی یەکتر قسە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە دەکەن

مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-04-22

4185 جار خوێندراوەتەوە

لە مەراسیمی كردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێبدا لە سەرەتای مانگی نیسان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڕەشەی ئەوەی كرد چیتر یەك چركە لەسەر كەس ناوەستن بۆ پێكهێنانی حكومەت و، بەوە پاساوی بۆ ئەم قسەیەش هێنایەوە كە كاتی پێویست دراوە بە سەرجەم لایەنەكان.

سێ هەفتە لە پاش ئەم هەڕەشەیە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر و برازای بارزانی جەختیكردەوە دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت كارێكی ئاساییە و لەپێناو سەقامگیریی كوردستانە.

ئەم دوو لێدوانە پێچەوانەی مام و برازا بەدوای ئەوەدا هاتن كە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت گەشتنە تونێلێكی داخراو، بەهۆی ململانێی گۆڕان و یەكێتی و پارتییەوە لەسەر چۆنێتی دابەشكردنی پۆستە سیادییەكان لە پاش نزیكەی حەوت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، هێشتا كەس نازانێت كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كەی پێكدێت؟

بەپێی هەندێك لە ئاماژە و لێدوانەكان بارزانی پەلەیەتی بە زوویی مەسروری كوڕی لەسەر كابینەی نوێ بخاتەڕێ، بەتایبەت كە یەكەم ئەزموونی ئەوە لە سەرۆكایەتیی حكومەتدا، هەر لەبەر ئەمەش ئاستی هەڕەشەكانی لە پێشانگای كتێبدا بەرزكردەوە، بە پێچەوانەی ئەم حاڵەتەشەوە نێچیرڤان بارزانی كە خۆی وەك دەوڵەتمەدار دەناسێنێت، پەلەی نییە لەوەی لەلایەك ئامۆزاكەی جێگەی بگرێتەوە، لەلاكەی تریش بەبێ مسۆگەركردنی پێگەیەكی بەهێز بۆ خۆی دەستبەرداری پۆستەكەی لە سەرۆكایەتیی حكومەت ببێت.

زانیارییەكانی پەیوەیست بە گفتوگۆكان ئەوە دەخەنەڕوو، دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت بۆ زیاتر لە ٢٠٠ ڕۆژ، بە پلەی یەكەم لەسەر زیادكردنی جێگرێكە بۆ سەرۆكی هەرێم لەگەڵ چۆنێتی دابەشكردنی پۆستی وەزارەتەكانی دارایی و پێشمەرگە و ناوخۆ لە نێوان لایەنە براوەكان، لە هیچ یەكێك لە دانوستانەكانیشدا كێشەی بەرنامەی حكومەت یان هەنگاوەكانی پاش پێكهێنانی كابینەی نوێ و چۆنێتی چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكان جێگەی مشتومڕ و گفتوگۆ نەبووە، بە پێچەوانەی ئەوەی لە ڕووكەشدا دەوترێت ناكۆكییەكان دەگەڕێنەوە بۆ شەراكەت و چاكسازیی لە حكومڕانی.

پارتی كە خاوەن دەستپێشخەریی پێكهێنانی حكومەتە، لە ماوەی پێشوودا هەندێك پۆست و ناونیشانی لە كابینەی داهاتوودا زیادكرد بۆ ڕازیكردنی یەكێتی و گۆڕان، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمجارە لەناو هێزە براوەكاندا خوازیارانی پۆست و باڵە ڕكابەرەكان زیاترن لە جاران، ئەو هەنگاوانەش نەیانتوانی گرێكوێرەی كابینەی نوێ بكەنەوە.

دواكەوتنی حكومەتی هەرێم تا ئاستێكی بێ پێشینە لەكاتێكدایە كە جوڵەی بازاڕ و زۆر پرسی پەیوەست بە پەیوەندیی بەغدا و هەرێم چاوەڕوانی یەكلاییکردنەوە دەكەن، لە پێش هەموویانەوە مەسەلەی مامەڵەكردن لەگەڵ بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، بەڵام وەك دیارە حیزبە براوەكان لەبری خەمە ڕۆژانەییەكانی هاوڵاتییان و خەڵك، تەنها چۆنێتی دابەشكردنی پۆستەكان و ڕازیكردنی باڵ و بنەماڵە سیاسییەكانیان لا لەپێشترە و هەر بەم هۆیەشەوە هەرێم ڕیكۆردی بەغدا و بەیروتیشی شكاند بۆ پێكهێنانی حكومەت.

ع.م