سەردێڕ:

ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-04-22

10463 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ ڕاگەیەندراوێکى لەسەر نیگەرانییەکانی فراکسیۆنەکەى لە پەرلەمانى عێراق بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و ڕوونیکردووەتەوە، جگە لەم ڕاگەیەندراوە هیچ ڕاگەیەندراو و نوسراوێک لە ئەنجومەنەکەوە دەرنەچووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە ئەنجومەنەکەیان تاکە دامەزراوە و ئۆرگانی فەرمی جوڵانەوەکەیە و دەنگدان لەم ئەنجومەنە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆى جوڵانەوەکە لە مادەی ١٣ برگەی ٧، پێویستی بە نیوە کۆ یەکی دەنگەکانی ئەندامەکانی هەیە، واتە لە کۆی ١٣ ئەندام پێویستى بە دەنگى ٧ ئەندام هەیە.

 ئەم پەیڕەوە لە کۆنگرەى دامەزراندنى جوڵانەوەکەدا لە ٥ى ١ى ٢٠١٨دا بە کۆى دەنگى بەشداربووانى کۆنگرەکە پەسەندکرا.

ئەنجومەنى باڵاى جوڵانەوەکە دەشڵێت، جگە لەم ڕاگەیەندراوە هیچ ڕاگەیەندراو و نوسراوێک لە ئەنجومەنەکەوە دەرنەچووە، هەروەها دەشڵێن، ئەوان جوڵانەوەیەکن کاری سەرەکییان وەستانەوەیە بە ڕووی پارتی و یەکیتی و ئەو دەسەڵاتە ناشیرینە، نەک لە میدیاکانەوە گلەیی لە یەکتر بکەن و لە بری چارەسەرکردنی کێشەی هاوڵاتییان، خەریکی دروستکردنی کێشە بن بۆ هاوڵاتییان، هەر وەک زۆرینەی حزبە تەقلیدییەکانی تر.

جوڵانەوەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت، تا ئێستا ئەنجومەنی باڵا و سەرۆکی جوڵانەوەکە هیچ نوسراو و یاداشتێکیان بە دەست نەگەیشتووە لە لایەن هیچ نوێخواز و پەرلەمانتارێکی لیستەکە کە باس لە هەر جۆرە گلەییەک بکات.

ئەنجومەنى باڵاى نەوەى نوێ دەشڵێت، هەر نوێخوازێک گلەیی و سەرنجى هەبێت ئەوا ئەوان هەمیشە دەرگایان کراوەیە و حەق وایە هەمووان گفتوگۆی هاوڕێیانە بکەن، گەر بابەت خزمەتی هاوڵاتییان و ڕێزگرتنە لە دامەزراوەکانی جوڵانەوەکە.

ئەگەر مەبەست خزمەتکردنی پارتی و یەکیتی و بێهیوا کردنی خەڵک بێت، ئەوا ڕاگەیەندراو دەرکردن دژی یەکتر باشترین خزمەت بەم دەسەڵاتە دەکات و گەورەترین زیان لە جوڵانەوەکە دەدا کە رۆژ بە رۆژ گەورەتر دەبێت و لە ناو خەڵکدا زیاتر دەبێتە جێی متمانە. هەر ئەمەشە وای کردوە کە لەم کاتەدا هەندێک کەس بە مەبەست یان بێ مەبەست، ئەو کارە نەشیاوانە بکەن لە بری دانیشتنی هاورێیانە و گفتوگۆی بونیادنەرانە.

باس لەوەش کراوە، تەواوی ئۆرگانەکانی جوڵانەوەکە و پەرلەمانتارەکان بەرپرسن لە بەردەم هاوڵاتییان و ئەنجومەنی باڵا و سەرۆکی جوڵانەوەکە و ئەنجومەنی باڵا تاکە دامەزراوەیە کە مافی لێپرسینەوە و بریاردانی هەیە بە پێی پەیرەوی ناوخۆ.

ڕاگەیەندراوەکەى ئەنجومەنى باڵاى نەوەى نوێ لەکاتێکدا دەرکراوە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەکە لە دەرەوەی وڵاتە راگەیندراوکە دوای ئەوە دەرکراوە کە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی ناڕەزاییان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاندبوو، نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەکی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێکی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە.

ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ ٢٠١٩/٤/٢٢

د.محەمەد رەئوف

دۆستی ئەحمەد

گوڵاڵە محمد

هەوراز زاهیر

یوسرا مەحمود

سنور ساڵح

شاسوار عەبدولواحید