سەردێڕ:

مایک پۆمپیۆ: ئێران لە داهاتەکانی نەوت بێبەش دەکەین

فۆتۆ: 
2019-04-22

2256 جار خوێندراوەتەوە

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کاردەکات لەپێناو گەیاندنی بڕی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ سفر و، لەگەڵ کۆمپانیاکان قسەیان کردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەمبوونەوەی نەوتی ئێران لە بازاڕی نەوتی جیهانیدا.

پۆمپیۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن ئەمڕۆ دووشەممە (٢٢ی نیسانی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لەسەر سەپاندنی گەمارۆکانی بەسەر ئێراندا، بۆئەوەی نەتوانێت نەوتی وڵاتەکەی هەناردەی دەرەوە بکات، بە وتەی پۆمپیۆ ئێران داهاتی نەوت بۆ پشتیوانیکردن لە "تیرۆر" بەکاردەهێنێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە، ئامانجیان لەو هەنگاوە بێبەشکردنی ئێرانە لە داهاتەکانی نەوت.

جەختیشیکردەوە، سعودیە و ئیمارات بەڵێنیان داوە هەموو کەموکورتییەکانی بازاڕی نەوت پڕبکەنەوە، کە لە دەرئەنجامی کەمبوونەوەی نەوتی ئێرانەوە بۆ بازاڕەکانی وزە دێتە ئاراوە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا پۆمپیۆ ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان پشتیوانی لە گەلی ئێران دەکەن و هیوای ژیانێکی شایستەیان بۆ دەخوازن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی لە گروپەکانی دەرەوە  ناکات، بەڵکو پشتیوانی لە گەلی ئێران دەکات. وتیشی، بە ڕوونییش بە دەسەڵاتدارانی ئێرانیان ڕاگەیاندووە، ئەوان وەڵامی جدییان دەبێت لە بەرامبەر هەر کارێک کە ئەو گروپە توندڕەوانە ئەنجامی بدەن لە دژی ئەمریکییەکان و، ئەوان وەڵامدانەوەیان دەبێت بۆ هەر مەترسییەک کە بکرێتە سەر هاوڵاتییانی ئەمریکا لە هەر کوێیەک بێت.

ئەو وتانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی ئەمریکا دەیەوێت لە مانگی داهاتوودا کۆتایی بە مۆڵەتی بەخشینی چەند وڵاتێک بۆ بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران بهێنێت و هەر وڵاتێک پابەند نەبێت سزا دەدرێت.

لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزاکانی سەر ئێرانی توندتر کرد، ئەوەش دوای کشانەوەی تاکلایەنانەی دۆناڵد ترەمپ هات لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە لە ساڵی ٢٠١٥.

کۆتایی هەفتەی ڕابردوو دۆناڵد ترامپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە داوایکرد، هەردوو وڵات ڕێگاچارەیەک بۆ کۆنترۆڵی نرخی نەوت و زیادکردنی سزاکانی سەر ئێران بدۆزنەوە.

بەپێی بڕیارەکەی ئەمریکا، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە دەبێت کۆتایی بەو گرێبەست و پەیوەندییە بازرگانییانە بهێنێت لەگەڵ وڵاتی ئێران، لەکاتێکدا عێراق کارەبای چەند پارێزگایەکی لە ئێران دەکڕێت، سەرەڕای ئەو گرێبەستە نوێیانەی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە نێوان هەردوولا واژۆکراون.