سەردێڕ:

وتەبێژی پارتی: لە هەوڵداین پێش جەژنی ڕەمەزان حکومەت پێکبێت

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی دیموکراتی کوردستان
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-04-22

2257 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، هێرش قادر

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، پێش جەژنی رەمەزانی پیرۆز کابینەی نوێی حکومەت پێکدەهێنرێت و لە دوو ڕۆژی داهاتووشدا ڕێککەوتنەکان لەوبارەیەوە کۆتاییان دێت.

مەحمود محەمەد بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، لەماوەی ڕابردوودا تەواوی کۆبوونەوەکانیان لەبارەی پێکهێنانی حکومەت ئەنجامداوەو کاتیشیان بە لایەنە سیاسیەکان داوە تا حکومەتێکی بەهێز دروست بێت، "هەربۆیە بەپێی هەموو بەرچاوڕوونیەکان، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕێکەوتنەکان لەوبارەیەوە کۆتاییان دێت".

بەوتەی مەحمود محەمەد، لە ئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی و پارتی لە دۆخەکە تێدەگەن و تەئکید لەوەشدەکاتەوە، پێویست بە سەردانیکردنی دووبارە ناکات بۆلای یەکتر، بەڵام پێویستیان بە کۆبوونەوەی هاوبەش هەیە، چونکە دەبێت کارەکانی حکومەت لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

لەبارەی بەشداریکردنی کۆمەڵی ئیسلامی لە حکومەتی داهاتوو، وتەبێژەکەی پارتی وتی "ئەوان سەردانی ئێمەیان کردووە و ئێمەش سەردانی ئەوانمان کردووە و چاوەڕوانی وەڵامیان دەکەین بۆ بەشداریکردن یان نەکردن لە حکومەت".

مەحمود محەمەد وتیشی، "لە هەوڵی ئەوەشدان حکومەت پێش جەژنی ڕەمەزان پێکبهێنرێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ ٢٠٤ ڕۆژ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانى هەرێمدا تێپەڕدەبێت و تا ئێستا حکومەتى هەرێم پێک نەهاتووە.