سەردێڕ:

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: ٢٠ ملیار دینار بۆ چاکردنەوەی رێگاکان تەرخانکراوە

سامی قادر، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێم
فۆتۆ: 
2019-04-22

1156 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێم ئاشکرایکرد، بۆ چاکردنەوەی رێگاکانی نێوان هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم ٢٠ ملیار دینار تەرخانکراوە، باسی لەوەشکرد لە هێنانی ئۆتۆمبێلدا بۆ هەرێم زیادەڕەوی زۆر کراوە.

سامی قادر، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دەستیانکردووەتەوە بە تەواوکردنی ٤٠ پرۆژی ستراتیژی کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوون.

ئەوەشی خستەروو، یەكێک لە پرۆژە ستراتیژییەکان دروستکردنی رێگای خێرای نێوان پارێزگای دهۆک و  هەولێرە و لە ئێستادا ئیشی تێدادەکرێت.

وتیشی، رێگای کۆیە-هەولێر کە وەکو رێگای نێوان هەولێر و سلێمانیش بەکاردەهێندرێت لەسەدا ٢٠ی کارەکانی تەواوبووە و رێگای حاجی ئۆمەرانیش تاوەکو قەندیل بەبەردەوامی ئیشی تێدا دەکرێت.

دەربارەی ئەو پارەیەی بەناوی ژینگە و ساڵانەی ئۆتۆمبێل لە شۆفێران وەردەگیرێت تا چەند بۆ باشترکردنی رێگان بەکاردەهێندرێتەوە، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە روونیکردەوە، داوایان لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ کردووە بەشێک لەو پارەیە بۆ چاکردنەوە و دروستکردنی رێگای نوێ بەکاربهێندرێت.

وتیشی، زیادەڕەوی لە هێنانی ئۆتۆمبێل بۆ کوردستاندا دەکرێت و رێگاکان بەرگەی ئەو ژمارە زۆرەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل ناگرن.

دەربارەی خراپی کوالیتی رێگاکانیش سامی قادر باسی لەوەکرد، ئەوان بەردەوام لە لێکۆڵینەوەدان بۆ باشترکردنی کوالیتی رێگاکان، بەڵام وەکو ئەوەش نییە کە دەوترێت رێگاکان زۆر خراپن.

ساڵانە رووداوەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان بەیەکەم هۆکاری گیان لەدەستدانی هاوڵاتیان دادەندرێت، بەجۆرێک لەماوەی ١٥ ساڵی رابردوو نزیکەی ١٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەسیش بریندار و کەمئەندامبوون، خراپی رێگاکان و نەبونی هەلومەرجی سەلامەتی لە کاتی دروستکردنیاندا بەهۆکاری رووداوەکانی هاتووچۆ دادەندرێن.

هـ.ع

‌بەپەلە