سەردێڕ:

پسپۆڕێک: هەرگیز چای گەرمکراوە مەخۆنەوە

فۆتۆ: 
2019-04-22

30661 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕێکی خۆراک مەترسییەکانی خواردنەوەی چـــــای کۆن یان دووبارە گەرمکراوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت هەرگیز چای دووبارە گەرمکراوە مەخۆنەوە.

فەرزاد بابایی پسپۆڕێکی خۆراک ئاماژەی بەوەکردووە کە چای تازە لێنراو یەکێکە لە تەندروستترین خواردنەوەکان، بەڵام ئەگەر ئەم خواردنەوەیە بە شێوازی دروست ئامادە نەکرێت زیانی بۆ تەندروستیی دەبێت.

لە بابەتێکی تەندروستییدا کە لە ماڵپەڕی ایران خبر بڵاوکراوتەوە، ئەو پسپۆڕە ئەوەی خستووەتەڕوو لە پێکهاتەی چـــا دا  هەردوو ماددەی "ئەسید تانییک و ئۆکسڵەیت" هەن، ئەم دوو ماددەیە لە چـــا دا دەبنە هۆی ڕێگری لە مژینی توخمی ئاسن، بڕی ئەم دوو ماددەیە لە چـــای پێشتر لێنراو و  خەست دا زۆرتر دەبێت. بۆیە پێویستە چــــای دووبارە بەکارهێنراو و خەست نەخورێتەوە.

بەپێی ئەو توێژینەوانەی لە لەسەر چا کراون چـــای گەرم یەکێکە لە هۆکارەکانی توشبوون بە شێرپەنجەی گەدە و سورێنچك، بۆیە پێویستە چاوەڕێ بکرێت تاکو کەمێک سارد دەبێتەوە و پاشان بخورێتەوە.

ئەو پسپۆڕەی خۆراک دەڵێت "ئەو چــــایەی لە ئەنجامی مانەوەدا خەست بووەتەوە بۆ خواردنەوە ناشێت، هەروەها خواردنەوەی چـــا بۆ کەسانێک کە کێشەی هەرسیان هەیە زیانی هەیە، بۆ نموونە  ئەوکەسانەی کە نەخۆشییەکانی وەکو  برینی گەدەیان هەیە، ئەو کەسانەی کە کێشەی کەمخوێنیی یان نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی  کۆئەندامی هەرسیان هەیە و ئافرەتانی دووگیان، پێویستە خواردنەوەی چا سنوردار بکەن.

لە بارەی خواردنی شەکر و شیرینی لەگەڵ چادا، فەرزاد بابایی پسپۆڕێکی خۆراک دەڵێت "بەکارهێنانی شیرینی و تێکەڵکردنی لەکاتی خواردنەوەی چــا دا زیانی تەندروستی هەیە، زۆربەی خەڵکیی ڕاهاتوون کە چا بەشەکرو شیرینییەوە بخۆنەوە، ئەمە جگەلەوەی تایبەتمەندییە باشەکانی چـــا لەناو دەبات، دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی شەکرە و چەوری خوێن، بۆیە تا بتوانرێت خۆبەدوور بگیرێت لە بەکارهێنانی مادە شیرینیەکان لەگەل چا خواردنەوەدا، بەڵام ئاساییە ئەگەر تووی وشک یاخود خورمای وشک لەگەڵ چا بخورێن.