سەردێڕ:

هەواڵی دەستگیرکردنی پارێزگاری پێشووی نەینەوا ڕەتکرایەوە

فۆتۆ: 
2019-04-22

1425 جار خوێندراوەتەوە

فارس بریفکانی پەرلەمانتاری عێراق لە پشکی پارێزگای نەینەوا ڕەتیکردەوە ئەو هیچ لێدوانێکی دابێت سەبارەت بە دەستگیرکردنی نەوفل عاکوب پارێزگاری پێشووی نەینەوا و پۆلیسی پارێزگاکەش بە هەمان شێوە هەواڵی دەستگیرکردنەکەی رەتدەکاتەوە.

بریفکانی لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ یەکشەممە (٢١ی نیسانی ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، "ئەو لێدوانە ڕەتدەکەمەوە کە دراوەتە پاڵ من، گوایە من وتبێتم نەوفل عاکوب پارێزگاری پێشووی نەینەوا و عەبدولکەریم ئەتروشی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەستگیرکراون."

بریفکانی جەختیکردووەتەوە، ئەو لێدوانەی بە ناوی ئەوەوە بڵاوکراوەتەوە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە و بە تەواوی ڕەتیدەکاتەوە، داواشی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد، بەر لە بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک پێویستە زانیاری لە سەرچاوەی فەرمییەوە وەربگرن.

لە لایەکی ترەوە فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لە دەستگیرکردنی نەوفل عاکوب دەکەن لە شاری هەولێر.

لەوبارەیەوە فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، هەواڵی دەستگیرکردنی عاکوب رەتدەکەنەوە کە لەلایەن ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندنەوە بڵاوکراوەتەوە و ئەو زانیاریانەی بڵاوکراونەتەوە ڕاست نین.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ لە چەند سەرچاوەیەکی هەواڵیی ناوخۆییەوە بڵاوکرایەوە، گوایە نەوفل عاکوب پارێزگاری پێشووی نەینەوا دەستگیرکراوە.

لە دوای ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی قەیاغەکەی موسڵ و خنکانی زیاتر لە ١٠٠ کەس و بێسەروشوێنبوونی دەیان کەسی تر، پەرلەمانی عێراق پارێزگاری نەینەوا و جێگرەکەیی لە پۆستەکانیان دوورخستنەوە و، دواتریش دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناوبراو دەرکردووە.

ع.م