سەردێڕ:

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

نیگەرانن و هەڵوێستیان دەربڕیوە
لۆگۆی نەوەی نوێ
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-04-22

27525 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ناڕەزایەتییان لە بەرامبەر سەرکردایەتیی جوڵانەوەکە دەربڕیوە بەبێ ئەوەی ناوی ئەندامانی ئەنجومەنەکەی تێدابێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەکی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێکی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، کە ھەموو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەکانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستەجەمعی تێدا نەماوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، جوڵانەوەکە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێکەڵ کراوە، ئیتر جیاکردنەوەیان سەخت بێت.

هەر لە بەیاننامەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، "ئێمە ئۆرگانە سەرەکییە ھەڵبژێردراوەکانی نەوەی نوێ، لەبەردەم رای گشتی و گەلەکەمان رایدەگەیەنین، دیدگای ئێمە جیاوازە و سورین لەسەر بەردەوامی لەسەر ئەو بنەمایانەی بانگەشەمان بۆ کردن و نەوەی نوێمان لەسەر دامەزراند."

جەختیشیانکردووەتەوە، "ئیتر رێگە نادەین نەوەی نوێ لە بێدەنگییدا بکرێتە بازنەیەکی تری شکستی سیاسەت و ئامرازی خولیا و بەرژەوەندی تایبەتی".

لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێن، "بۆ کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و حوکمی بنەماڵە کە لە ٢٨ ساڵی رابردوودا بوونەتە مایەی شکست و کارەسات بۆ گەلەکەمان، وەك ھەمیشە بێسڵەمینەوە و شێلگیرانە، بەردەوام دەبین".

ع.ا