سەردێڕ:

دادگای عێراق سزای لە سێدارەدانی بۆ چوار ئەندامی داعش دەرکرد

فۆتۆ: 
2019-04-21

2980 جار خوێندراوەتەوە

دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا سزای لەسێدارەدانی بۆ چوار کەس دەرکرد بە هەڵواسین، بە تاوانی ئەنجامدانی "تاوانی تیرۆریستی" لە عێراق و سوریا.

ئەنجومەنی دادوەریی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە (٢١ی نیسانی ٢٠١٩) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، "دەستەی یەکەم لە دادگای تاوانەکانی کەرخ سەیری دۆسیەی چوار تاوانباری کردووە بە تاوانی ئەندامبوون لە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و، ئەنجامدانی کردەوەی تاوانکارییی لە دژی هاوڵاتیانی بێ تاوان و، بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و ئارامی لە ناوخۆی عێراق و سوریا."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو تیرۆریستانە لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە دادگایی کراون، دوای ئەوە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ڕادەستکراونەتەوە و، پێشتر لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکرابوون."

لە بەیاننامەیەکدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو کەسانە بەگوێرەی "مادەی ٤ی یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆری ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠٥" دادگایی کراون.

لەلایەکی ترەوە سەرچاوەیەکی دادوەری ئاشکرایکرد، یەکێک لەو تۆمەتبارانە هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقییە، دادگاکانی عێراق لە دەرکردنی ئەو بڕیارانەدا پشت دەبەستن بە یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بۆ دادگاییکردنی هەزاران تۆمەتبار، لەناویاندا ئەو چەکدارانەی کە تۆمەتی ئەندامبوونی ڕێکخراوە توندڕەوەکانیان دەدرێتە پاڵ.

مانگی شوباتی ئەمساڵ سوپای عێراق ڕایگەیاند، هێزەکانی سوریای دیموکرات ٢٨٠ چەکداری دەستگیرکراوی داعشی ڕادەستکردوون، زۆربەیان عێراقی و بیانی بوون.

بەهۆی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەوە لە عێراقدا، زۆرجار ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ داوایلێدەکەن جێبەجێکردنی لەسێدارەدانەکان ڕابگرێت، بەڵام تا ئێستا عێراق گوێی بەو داوایانە نەداوە.

ع.م