سەردێڕ:

بەھۆی بەردانەوەی بڕێکی دیکەی ئاوی بەنداوی دوکان شەقامێکی گەشتیاریی دادەخرێت

فۆتۆ: 
2019-04-21

5174 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامییەتی قەزای دوکان ڕایگەیاند، لە سبەینێوە بڕی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دوکان دەگاتەوە ھەمان ئاستی پێشوو و بەو ھۆیەشەوە ناچارن شەقامی گشتیی گەشتیاری (سارتکە) دابخەن.

 قائیمقامییەتی دوکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاگاداری ھاوڵاتیان و شۆفێران و خاوەن کەپر و پڕۆژە گەشتیارییەکانی كردوونه‌ته‌وه‌، لە سبەینێ یەکشەممەوە کاتژمێر ٨ی سەرلەبەیانی، بڕی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوەکەوە دەگاتەوە ھەمان ئاست و بڕی پێشوو، کە ھەزار مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا.

 ڕاشیگەیاندووە، کەمکردنەوەی بڕی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دوکان بە شێوەیەکی کاتییە و تەنیا بۆ نەھێشتنی ئاستەنگی ھاتوچۆ و نەخنکانی شەقامەکانە، بەتایبەت لە ڕۆژانی ھەینی و شەممەدا کە پشوون و گەشتیارێکی زۆر ڕوودەکەنە سنورەکەیان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەھۆی زۆریی بارانبارینی ئەمساڵەوە ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و، ئێوارەی ڕۆژی (٢ی نیسانی ٢٠١٩)ش ئاوی بەنداوەکە لە سپیڵ وەی سەرڕێژ بوو.

ئ.ر