سەردێڕ:

سەرەڕای سوتانی کڵێسای نوتردام مێشهەنگەکانی ناوی زیندوون

فۆتۆ: 
2019-04-20

2677 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو کڵێسای نوتردام لە پاریس گڕیگرت، بەشێکی زۆری بیناکە سوتا، بەڵام هێشتا مێشهەنگەکانی ناو بیناکە زیندوون.

هەرچەندە دوای گڕگرتنی بیناکە هەواڵی لەناوچوونی ئەو مێشهەنگانە بڵاوکرایەوە، بەڵام نیکۆلاس جنت کە چەندین ساڵە خزمەتکاری کڵێساکەیە، ئاماژەی بەوە کردووە، مێشهەنگەکان زیندوون و لەناونەچوون و ئاگریان پێ نەگەیشتووە.

لە کێلسای نوتردام لە پاریس زیاتر لە ٢٠٠ هەزار شانەی مێشهەنگ لە بنمیچەی بیناکەدا ژیاون، ڕۆژانە چاودێریی کراون.

شەوی دووشەممەی ڕابردوو لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا ئاگرێکی گەورە لەناو کڵێسای مێژوویی نۆتردام کەوتەوە و، نزیکەی ٥٠٠ کەس لە هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ چەند کاتژمێرێک سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون، بەڵام کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی ئاگرەکە تا بەرەبەیانی ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردووی خایاند.

کڵێسای نوتردام بە یەکێک لە باڵەخانە دێرین و مێژووییەکانی پاریس و جیهان دادەنرێت، دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری پاریس لەسەر ڕووباری سین، لە سەردەمی لویسی حەوتەم و لە ساڵی ١١٦٣ زاینی دەستکراوە بە بنیاتنانی، درێژییەکەی ١٢٨ مەترە و پانیەکەشی ٤٨ مەتر، دوو تاوەری هەیە یەکێکیان ٦٩ مەترە بەرزە و ئەو دیکەشیان ٩٠ مەترە و ١٠ زەنگی هەیە، کە لەکاتی سروتە ئایینییەکان لێدەدرێت.