سەردێڕ:

سلێمانی.. دامەزراندنی کارمەندانی کۆمسیۆن بە گرێبەست ناڕەزایی لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2019-04-20

1321 جار خوێندراوەتەوە

بڵاوبوونەوەی ناوی ئەو کەسانەی لەلایەن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراقەوە وەک گرێبەست بۆ لقی سلێمانی دامەزراون، نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە و بەشێک لەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە باس لەوە دەکەن، دامەزراندنەکە لەسەر بنەمای حزبی و خزمایەتی و نزیکی بووە، نەک مەرجەکانی کۆمسیۆن.

لە سەرەتای مانگی ڕابردوودا کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، وەک ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، دەستی بە دامەزراندن کرد و لە ئۆفیسی سلێمانییش ٥٠٠ کارمەندی کۆمسیۆن، کە پێشتر گرێبەست بوون، چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کرا، لەو ژمارەیەش ٢١٣ کەسیان بە گرێبەست دامەزرێنران.

مەرجەکانی کۆمسیۆنیش بۆ دامەزراندنی ئەو کەسانە بریتیبوو لە شارەزایی کۆمپیوتەر و زۆریی خزمەت و شوێنی نیشتەجێبوون، بەڵام بەشێک لەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە و دانەمەزراون، دەڵێن مەرجەکان ڕەچاونەکراون و بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەکانیشیان گردبوونەوە و خۆپیشاندان ڕێکدەخەن.

ئێن ئاڕ تی بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەسەر شێوازی دامەزراندنەکە پەیوەندیی بە بەرپرسانی لقی سلێمانی کۆمسیۆنەوە کرد، بەڵام بەڕێوەبەری لقی سلێمانی کۆمسیۆن وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە، جێگرەکەشی ئامادەنەبوو لەسەر ئەو بابەتە قسە بکات.

بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کۆتایی ئەمساڵدا، کۆمسیۆن لە سلێمانی ٧٩ بنکە دەکاتەوە و ئەو کارمەندانەی دامەزرێنراون هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەبەن.