سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. چیرۆکی پێنج ئەندامی خێزانێک کە بەهۆی ڕووداوەکەی ڕانیە گیانیان لەدەستدا

فۆتۆ: 
2019-04-20

11823 جار خوێندراوەتەوە

 ڕۆژى هەینى فەرمان سەعدون تەمەن ٣٦ ساڵ لەگەڵ پێنج کەس لە ئەندامانى خێزانەکەى و کەسە نزیکەکانى لە سنورى ناحیەى بنگردەوە بەرەو ماڵەوە دەگەڕانەوە، بەڵام ڕووداوێکى هاتوچۆ کۆتایی بە ژیانى پێنج کەسیان هێنا.

فەرمان شۆفێرى ئەو ئۆتۆمبیلە تۆیۆتا کامرییە بوو کە ڕۆژى هەینى لەگەڵ ئۆتۆمبیلێکى پیکاب تۆیۆتا هایلۆکس لەسەر ڕێگاى ڕانیە – بنگرد پێکیاندادا و بەهۆیەوە حەوت کەس کە سەرنشینى هەردوو ئۆتۆمبیلەکە بوون و لە چوار ژن و سێ منداڵ پێکهاتوون گیانیان لەدەستدا و، شەش کەسى دیکەش برینداربوون. فەرمان کە پیشەى مامۆستا بوو تەنها ڕزگاربووى ناو ئۆتۆمبیلەکەى خۆیەتى و هێشتا گیان لەدەستدانى خێزان و کەسە نزیکەکانى پێ ڕانەگەیەنراوە.

کەسوکاری فەرمان بە چاوی پڕ لە فرمێسک و هەناسەیەکی ساردەوە، پرسە دەگێڕن، فەرمانیش کە لەو ڕووداوەدا هاوسەرەکەى و منداڵێکى تەمەن سێ مانگ و برازایەکى تەمەن سێ ساڵى و دایک و خەسوى گیانیان لەدەستدا، لە سلێمانی لەژێر چاودێریی پزیشکدایە.

ئەو ڕێگایەی کە ڕووداوەکە تێیدا ڕوویداوە، ڕێگای نێوان ناحیەی بنگرد - ڕانیە، پڕە لە چاڵ و تاسە و مەترسیی لەسەر ژیانی ئەو کەسانە دروستکردووە کە ڕۆژانە هاتوچۆی پێدا دەکەن.

بەهۆى ئەو ڕووداوانەى پێشتر لەم ڕێگایە ڕوویانداوە، هاوڵاتییان پێی دەڵێن ڕێگاى مەرگ، ئەو کاتەى ڕوداوەکە ڕوویدا فەرمان نیوەى ئەم ڕێگەیەى بڕیبوو، بەڵام پێش ئەوەى بگاتە ماڵەکەى لە ڕانیە، هەر لەسەر ئەم ڕێگایە بەشێک لە کەسە نزیکەکانى لەدەستدا.

خراپیی ڕێگاکان و پابەندنەبوونی شۆفێران بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆوە بە هۆکارەکانى ڕووداوەکانى هاتوچۆ دادەنرێن، بەپێی ئامارەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٢ هاوڵاتیی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە، ٢١ کەسی دیکەش برینداربوون.