سەردێڕ:

کەسێک بە تۆمەتى دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ئافرەتێکى بیانیى دەستگیرکرا

پێشتر لەسەر تاوانێکى هاوشێوە سزا درابوو
فۆتۆ: 
2019-04-20

8103 جار خوێندراوەتەوە

ئاسایشی هەولێر ئاشکرایکردووە، شۆفێرێکى تاکسییان بە تۆمەتى دەستدرێژیی سێکسیی بۆ سەر ئافرەتێکى بیانیى دەستگیرکردووە کە  پێشتریش لەسەر تاوانێکى هاوشێوە سزادرابوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکى بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، ئەو ئافرەتە شەوى ١ى نیسانى ٢٠١٩ دەستى لەو شۆفێرە ڕاگرتووە بۆئەوەى بیگەیەنێتە شارۆچکەى عەینکاوە، بەڵام بەپێی دانپێدانانەکانى، تۆمەتبارەکە سەرنشینەكەی بردووەتە چۆڵەوانییەكی سنووری قەزای بنەسڵاوە، بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر و هەڕەشەی كوشتنی لێ کردووە، دواتر لەژێر گوشاردا دەستدرێژیی سێكسی کردووەتەسەر و، پاشان لەو چۆڵەوانییە جێیهێڵاوە.

ئاسایشى هەولێر ڕاشیگەیاندووە، تۆمەتبارەكە پێشینەی لە دەستدرێژیكردنە سەر ئافرەتاندا هەیە و ساڵی ٢٠١٧ بە هەمان شێوە دەستدرێژیی كردبووە سەر ئافرەتێكی  بە ڕەچەڵەک عەرەب، بەو هۆیەوە سزا یاساییەكەی بەندكردن بووە و دواتر ئازادکراوە.

باسی لەوەش کردووە، دواى لێکۆڵینەوەکان تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە و ڕادەستى دادگا کراوە.