سەردێڕ:

وێنە.. گوێدرێژێکی زەبەلاح خەریکە ژمارەی پێوانەی جیهانیی دەشکێنێت

فۆتۆ: ئەرشیف
2019-04-20

32093 جار خوێندراوەتەوە

لە بەریتانیا گوێدرێژێك بەناوی "دیریك" لەوە نزیكبووەتەوە کە ببێت بە زەبەلاحترین گوێدرێژی جیهان، بەهۆی ئەوەی بەرزییەکەی زیاتر لە ١٧٠ سانتیمەتر دەبێت و بەردەوامە لە گەشەکردن.

دیریك کە تەمەنی پێنج ساڵی تێنەپەڕاندووە، واچاوەروان دەکرێت لە دوو ساڵی داهاتوودا باڵای بەرزتر ببێت، بەمەش ژمارەی پێوانەیی دەشکێنێت و دەبێت بە زەبەلاحترین گوێدرێژی جیهان، نازناوەکە لە گوێدرێژی "رومولوس" وەردەگرێت کە لە ویلایەتی تکساسی ئەمەریکییە و بەرزی باڵای ١٧٠ سانتیمەتر دەبێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕی زە سەنی بەریتانی ئاماژە بەوەکراوە، دیریك بە رەگەز لە جۆرێکی دەگمەنی گوێدرێژە کە بە "جاکستۆم ماموس" ناودەبرێت.

تریسی گارتۆن خاوەنی ئەو کێڵگەیەی کە دیریکی تێدا دەژی وتی: گوێدرێژەکە هەر کە لەدایكبوو قەبارەی گەورەبوو، لە ئێستاشدا هێشتا گەشەی تەواو نەبووە، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا گەشەی دەوەستێت، بۆیە هێشتا کاتێکی زۆرمان لەپێشە.

تریسی تەمەن ٥٢ ساڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، وێڕای قەبارەکەی دیریكی زەبەلاح ئاژەڵێکی خۆشەویست و بەسۆزە، وەکو سەگێکی گەورە وایە، بەردەوام دوای ئەو کەسانە دەکەوێت کە گرنگی پێدەدەن و دەیەوێت لەتەنیشتیان  بێت.