سەردێڕ:

شەش هەزار چەکداری داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستبەسەرن

فۆتۆ: 
2019-04-20

1707 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، شەش هەزار ئەندامی ڕێکخراوی داعش لە لای ئەوان دەستبەسەرن، لەو ژمارەیەش هەزار کەسیان هاوڵاتی وڵاتانی عەرەبی و بیانین.

عەبدولکەریم عومەر سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ شەممە (٢٠ی نیسانی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، دۆسیەی دەستبەسەرکراوە بیانییەکانی ناو داعش و خێزانەکانیان بووەتە مایەی قورسایەکی "گەورە" لەسەر ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان، کە تا ئێستا چەندین جار داوای لە وڵاتەکانیان کردووە وەریانبگرنەوە و دادگاییان بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆسیەی زیندانیانی چەکدارانی داعش و ڕادەستکردنەوەیان بە وڵاتەکانیان، لە دیارترین ئەو کێشانە کە لە تێکشکاندنی داعشەوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە.

ئەو لێپرسراوەی ڕۆژئاوای کوردستان وتی "نزیکەی ٦ هەزار چەکداری داعش لای ئێمە دەستبەسەرە، لە ناویشیاندا هەزار چەکداریان هاوڵاتی ٥٠ دەوڵەتی عەرەبی و ئەوروپین، ئەوانەی دیکەشیان سەرجەمیان سوری و عێراقین".

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بەوەشکردووە حکومەتی ئەو وڵاتە بیانیانە تا ئێستاش رەتیانکردووەتەوە پێشوازی لەو هاوڵاتیانەیان بکەن، بۆیە داوای پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی تایبەتیان کردووە، کە بارەگاکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان بێت، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی بوونی زۆرێک لە بەڵگە و دۆکیۆمێنت و شایەتحاڵ، کە ئەو چەکدارانەی داعشی پێ تۆمەتبار دەکرێن، بۆ ئەوەی بە گوێرەی یاساو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن.

سەرباری بانگهێشتکردنەکانی ئەمریکا بۆ وەگرتنەوەی ئەو کەسانە، بەڵام زۆربەی دەوڵەتانی خۆرئاوا دوودڵن یان رەتیدەکەنەوە ئەو هاوڵاتیانەیانە وەربگرنەوە، ئەوەش پاڵی بە ئەمریکییەکانەوە ناوە بابەتەکە لەگەڵ لێپرسراوانی ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان تاوتوێ بکەن، بە مەبەستی پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی  و بنیاتنانی زیندان و گرتوخانەی پێویست بۆ دەستبەسەرکردنی ئەو چەکدارانەی داعش.

پێشتر ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان جەختیانکردووەتەوە، بەرپرسانی عێراق ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ دادگاییکردنی ٢٠ هەزار چەکداری داعش لە وڵاتەکەیدا، بەو مەرجەی بڕی ١٠ ملیار دۆلاریان بۆ دابینبکرێت، وەک کرێی تێچوونی دادگاییکردنەکەیان.

 ع.م