سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی خشتەی موچەی سەرجەم وەزارەتەکانی بڵاوکردەوە

موچەی مانگی یەک
فۆتۆ: 
2019-04-20

75461 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، هێرش قادر

وەزارەتی دارایی رایگەیاند، لە سێ رۆژی داهاتوودا موچەی مانگی یەکی سەرجەم وەزارەت و دەستە و دەزگاکان دابەشدەکرێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سبەینێ یەکشەممە (٢١ی نیسانی ٢٠١٩) موچەی هەریەک لە وەزارەتەکانی شارەوانی، کارەبا، گواستنەوە و گەیاندن، پلاندانان، کشتوکاڵ، دیوانی چاودێری دارایی، دەستەکانی مافی مرۆڤ، وەبەرهێنان، دەسپاکی، ژینگە، دەزگای مین و ناوچە کوردستانیەکان و کۆمسیۆن دابەشدەکرێت.

سەرچاوەکە وتیشی، دووشەممە (٢٢ی نیسانی ٢٠١٩) موچەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران  و خانەنشینی پێشمەرگە دابەشدەکرێت.

هاوکات، رۆژی سێشەممەش (٢٣ی نیسانی ٢٠١٩) موچەی خانەنشینی شارستانی دابەشدەکرێت.

ئەم موچەیەی دابەشدەکرێت موچەی مانگی ١ی ٢٠١٩یە و دووەم موچەیە کە بەبێ پاشەکەوت دابەشدەکرێت، بەڵام تا ئێستا نازانرێت چۆنیەتی دابەشکردنی موچەى مانگەکانى دیکە چۆن دەبێت.

ڕۆژى ٨ى ئازارى ٢٠١٩ حکومەتى هەرێم کۆتاییهاتنى سیستمى پاشەکەوتى ڕاگەیاند و موچەى مانگى ١٢ى ساڵى ڕابردووش بەبێ پاشەکەوت دابەشکرا.

ع.ا