سەردێڕ:

رابون مەعروف: گەندەڵ ئەوانەن کە کۆمپانیا و میدیایان هەبووە و دواتر حزب دروست دەکەن

فۆتۆ: ئەرشیف
2019-04-20

36181 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، گەندەڵی گەشتۆتە ئاستێک کۆمپانیاکان حزب دادەمەزرێنن، بۆ ئەوەی فشاربخەنە سەر حکومەت تاوەکو پرۆژەی گەورە بە بەهای ملیۆنان دۆلار بەدەستبهێنن.

رابون مەعروف، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی پەیام رایگەیاند، "من لەو قسەیەی کە دەیکەم هیچ حزبێکی سیاسی لێبەدەر ناکەم و جەخت دەکەمەوە هیچ حزبێک،  بۆ ئەوەی ببێتە بابەتی گفتوگۆ، ئەویش ئەوەیە پێشتر حزبە گەندەڵەکان بازرگانیان دەکرد، کۆمپانیایان دادەمەزراند لە رێگای کۆمپانیاکان و هەژموون حوکمڕانی خۆیانەوە گەندەڵییان لە رێگای کۆمپانیاکانی خۆیانەوە دەکرد".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە رەخنەمان هەبوو، خۆتان دەزانن ئێمەی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت رەخنەمان گرتووە، لە عێراقیش رەخنەمان گرتووە، پێمانوابووە حزبە سیاسییەکان نابێت دەستێوەردان بکەن لە بزنس، بۆ ئەوەی بزنس بە رێکارێکی شەفاف و قانونی ئازادانە منافەسەی ئازاد بکەن بە گوێرەی قانون، بەڵام ئێستا شەپۆلی ئاخیری گەندەڵی گەیشتووە بە دۆخێک".

ڕاشیگەیاند، "ئێستا دۆخەکە پێچەوانە بووەتە کە حزب کۆمپانیا دابمەزرێنێ بەڵکو کۆمپانیاکان حزب دادەمەزرێنن، واتە کۆمپانیاکان دێن دەزگای ئیعلامی گەورە دادەمەزرێنن و حزبێکیش دادەمەزرێنن و خەڵک دەنێرنە پەرلەمان، کە ئەوە زاهیرەیەکی یەکجار ناوازەیە لە عەمەلییەی گەندەڵی لە دونیادا".

رابون مەعروف وتیشی، "کۆمپانیاکان حزب بۆخۆیان دادەمەزرێنن و ئەو پەرلەمانتارانە بەکاردەهێنن بۆ ئیستیفزازکردن و فشارخستە سەر حکومەت بۆ ئەوەی بۆ کۆمپانیاکانیان سازش بکەن و بە رێگەی نایاسایی کۆنتراکت بکەن و بە ملیۆنان دۆلار بەدەست بخەن و میدیاکانیاشیان دیسان بەکاردێنن"