سەردێڕ:

سەبارەت بە زیادبوونی ژمارەی حاجیانی عێراق دەستەی حەج بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

دوای سەردانەکەی عەبدولمەهدی بۆ سعودیە
حاجیان لەسەر کێوی عەرەفە کە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی حەج
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-04-20

2135 جار خوێندراوەتەوە

خالید عەتیە سەرۆکی دەستەی حەج و عەمرەی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەیەکی باڵا پێکهێنراوە بە مەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ زیادبوونی ژمارەی ئەو حاجیانەی کە بۆ پشکی عێراق زیادکراوە لە لایەن سعودیەوە بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ.

خالید عەتیە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیژنەیەکی باڵا سەردانی سعودیە دەکات، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە گرێبەستەکانی سەفەر و گواستنەوە و خۆراک و سەرجەم کاروبارە لۆجستییەکانی دیکەی ڕەوڕەسمی بە جێگەیاندنی فەریزەی حەجی ئەمساڵی حاجیانی عێراق.

سەرۆکی دەستەی حەجی عێراق هیوای خواست زیادکردنی ئەو ژمارەیە کە بۆ پشکی عێراق و چەند دەوڵەتێکی تر کراوە، کارنەکاتە سەر بازاڕی خزمەتگوزارییەکانی حەج، کە ببێتە مایەی بەرزبوونەوەی بڕی تێچوونەکانی فەریزەی حەج، بە تایبەت، پێشتر دەستەی حەج گرێبەستی تایبەت بە پشکی پێشتری عێراقی تەواو کردووە و ئێستا دەبێت دووبارە گفتوگۆ دەستپێبکاتەوە بۆ تەواوکردنی گرێبەستەکانی تایبەت بە ئەو پشکە نوێیەی بۆی زیادکراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوێنێ هەینی (١٩ی نیسانی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، پشکی حاجیانی عێراق بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ زیادکراوە بۆ ٥٠ هەزار کەس، دوای ئەوەی بۆ چەند دەیەیەک دەچێت وەک پێویست گرنگی نەدراوە بە پشکی عێراق.

پێشتر عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی حەجی سعودیە کردبوو، ڕێژەی بەشداریی حاجیانی عێراق بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ زیاتر بکات و بەشێوەیەکی پۆزەتیڤانە مامەڵە لەگەڵ داواکەی عێراقدا بکرێت.

 

بۆ فەریزەی حەجی ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی سعودیە بڕی ٣٣ هەزار و ٦٩٠ کورسی بۆ هاووڵاتیانی عێراق دابینکردبوو، لەو ژمارەیەش لە ١٥%ی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ٥٥٠ کورسیشی بۆ کەسوکاری زیندانیانی سیاسی و قوربانیانی دەستی تیرۆر و حەشدی شەعبی و ئەو کەسانە بوو کە لە لایەن ڕژێمی پێشووەوە لە سێدارە دراوون.

ژمارەی حاجیانی ساڵی ڕابردووی ھەرێم ٥ هەزار و ٤٦٩ کەس بوو، بەڵام حاجییەک لە سعودیە کە تەمەنی ٧١ ساڵ بوو، پێش ئەوەی بگاتە مەککە گیانی لەدەستدا.

چاوەڕوانیش دەکرێت لەگەل زیادبوونی ژمارەی حاجیانی عێراق، پشکی هەرێمیش زیاتر بکرێت لە چاو ساڵانی ڕابردوودا.

ع.م