سەردێڕ:

عێراق و سعودیە لەسەر دۆسییەکی جێی بایەخی هەردولا ڕێککەوتنیان کردووە

لە سەردانەکەی عەبدولمەهدی بۆ ئەو وڵاتە
محەمەد عەلی وەزیری دەرەوەی عێراق و ئیبراهیم عەساف وەزیری دەرەوەی سعودیە
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-04-19

5720 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد عەلی حەکیم وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، عێراق و سعودیە لەسەر هاریکاری و هاوکاری لە بواری ئاسایش و هەواڵگریدا ڕێککەوتوون.

وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی نزیک لە سعودیە ڕایگەیاندووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا لە نێوان بەغدا و ڕیازدا هاریکاری و هاوکاریی لە بوارەکانی ئاسایش و هەواڵگریدا دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە میانی سەردانەکەی شاندی باڵای عێراق بۆ سعودیە بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، گفتوگۆ کراوە دەربارەی بابەتی ڤیزا و شێوازەکانی چوونە ناوەوە بە پاسپۆرتە جیاجیاکان بۆ وڵاتی سعودیە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی عێراق ڕوونیکردووەتەوە، پەلەدەکرێت لە کارکردن بە یاداشت و ڕێککەوتنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات، چونکە ئەو بابەتە بووەتە بەڵێنی نێوان شا سەلمان عەبدولعەزیز پادشای سعودیە و عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

 لە لایەکی ترەوە سامر غەزبان وەزیری نەوت و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بۆچوونی هاوبەش ئاڵۆگۆڕ کراوە سەبارەت بە کارکردن لە بوارەکانی وزە و نەوت و پترۆکیمیاوی، بە ئامانجی دروستکردنی پرۆژەی هاوبەش بە دیاریکراویش گەڕان و پشکینین بە دوای نەوتدا.

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، دۆزینەوەی گازی سروشتی لە سنوری هاوبەشی نزیک عێراق لە لایەن سعودیە و بەشداریکردنی کۆمپانیای ئارامکۆی ئەو وڵاتە بۆ هاتنە ناو بازاڕی عێراقەوە لە بواری وزەدا ، کاریگەریی دەبێت بۆ گەیشتن بە دۆزینەوە و ئاشکراکردنی گازی سروشتی لە بیابانی خۆرئاوای عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.

ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە نوسینگەى سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بە ئامادەبوونی عادل عەبدولمەهدی و شا سەلمان پادشای ١٣ ڕێککەوتن و پرۆتۆکۆلێک لە نێوان عێراق و سعودییە واژۆکراوە.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو (١٧ی نیسانی ٢٠١٩) عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی سعودییەی کرد و چاوی بە سەلمان عەبدولعەزیز پاشای سعودییە و محەمەد سەلمان جێنشینی پادشای سعودییە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی تری ئەو وڵاتە کەوت، هەریەک لە وەزیرانی دەرەوە و نەوت و کارەبا و بازرگانی عێراق یاوەریی عەبدولمەهدی کردبوو.

ع.م

مكتب عبد المهدي: العراق والسعودية يوقعان 13 اتفاقية ومذكرة تفاهم بحضور الملك سلمان