سەردێڕ:

کاردانەوەی گەنجان لە بڕیاری قەدەغەکردنی یاریی پەبجی

فۆتۆ: 
2019-04-19

7603 جار خوێندراوەتەوە

يەکەم بەرکەوتنی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ قەدەغەکردنی پەبجی و یارییە ئەلکترۆنیەکان، لەگەڵ گەنجاندایە، کە بەشێکی زۆر لە کاتەکانیان بۆ ئەم یارییە ئەلکترۆنییە تەرخانکردووە.

 لە کافتریاکاندا ھەموو سەرنجەکەیان خستووەتە سەر مۆبایلەکانیان و بە یاریی پەبجیەوە خەریکن، ھیشتا نەیانپەرژاوەتە سەر بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق، بەڵام پێیانوایە چەندین بابەتی گرنگتر ھەیە کە دەبوو پەرلەمان پێوەی سەرقاڵ بوایە و کاری لەسەر بکردایە.

ڕۆژی ١٧ ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق، بە دەرکردنی بڕیارێک بۆ قەدەغەکردنی یاری پەبجی و سەرجەم ئەو یارییە ئەلکترۆنییانەی تر کە توندوتیژیان تێدایە دەرگای مشتومرێکی گەورەی کردووە.

بەپێی ئەو بڕیارە بێت یاری پەبجی لە سەرانسەری عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە قەدەغە دەکرێت و لە ھیچ ھێڵێکی ئینتەرنێتەوە ناتوانرێت بەکاربھێنرێت.

بەپێی وتەکانی ئالان فەرحان شارەزایی ئامێرە تەکنەلۆژییەکان بێت ڕەنگە بڕیارەکە سەرکەوتن بەدەست نەھێنێت، باس لەوەدەکات  بەکارھێنەران دەتوانن لەڕێگەی پرۆگرامی تایبەتەوە سەرجەم پڕۆگرام و یارییە قەدەغەکراوەکان بەکاربھێنن بە یاری پەبجیشەوە.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستان ھاوھەڵوێستە لەگەڵ بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق و دوای بڕیاردانی لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە و گشتاندنی قەدەغەکردنی ڕادەگەیەنن.

ئومێد محەمەد ساڵح وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی ھەرێم دەڵێت، بڕیارەکە لە بەرژەوەندی گشتیدایە و منداڵ فێری توندوتیژی دەکات  و لەگەڵ ئەوەدان بڕیارەکە جێبەجێبکرێت.

یاری پەبجی یارییەکی تەکنەلۆژی سەردەمییانەوە و لە سەرانسەری جیھاندا زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن بەکارھێنەری ھەیە و لە ھەرێمی کوردستانیشدا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨وە بە شێوەیەکی بەرچاو بەکارھێنەرانی ڕوی لە زیادبوون کردوو لە ئێستادا خەڵکێکی زۆر ڕۆژانە سەرقاڵی ئەو یارییەن و پێشتر چەندین جار داوای قەدەغەکردنی کرابوو.

ئ.ر