سەردێڕ:

هێمن شێخانى: گۆڕان و پارتى لەسەر زیادکردنى جێگرێکى دیکەى سەرۆکى هەرێم ڕێکنەکەوتوون

پێکهێنانى حکومەت
فۆتۆ: 
2019-04-18

3156 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى جڤاتى نیشتمانیی بزوتنەوەى گۆڕان ڕەتیکردەوە لەگەڵ پارتى لەسەر زیادکردنى جێگرێکى دیکە بۆ سەرۆکى هەرێم گەشتبنە ڕێککەوتن.

ئەمڕۆ چەند میدیایەک بڵاویانکردەوە، گوایە پارتى و گۆڕان لەسەر دانانى یاریدەدەرێک بۆ سەرۆکى هەرێم ڕێککەوتوون، بەڵام هێمن شێخانى ئەندامى جڤاتى نیشتمانیی بزوتنەوەى گۆڕان بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تیی ڕاگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە لەلایەن سەرکردایەتیی بزوتنەوەى گۆڕانەوە بەوەى کە ڕەزامەندییان دابێت جێگرێکى دیکە بۆ سەرۆکى هەرێم دابنرێت.

جەختیشیکردەوە، "ئەوەى دەوترێت بۆچوونى کەسییە و وەکو بڕیارى بزوتنەوەى گۆڕان هەرچى باس بکرێت ئەسڵ و ئەساسى نییە."

وتیشى، بزوتنەوەى گۆڕان نابێتە بەربەست لەبەردەم پێکهێنانى ئەم کابینەیە، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا ڕێگە نادەن هیچ کەسێک بە زۆردارى لە بەرکەوتەى ئەوان کەمبکاتەوە.

ئەندامەکەى جڤاتى نیشتمانیی گۆڕان ئاماژەى بەوەش کرد، هەوڵى جددى دەدەن بۆئەوەى هەفتەى داهاتوو بگەنە ڕێککەوتن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، تا ئێستا بزوتنەوەى گۆڕان کە پۆستى جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستانى بەرکەوتووە ڕازى نییە یاریدەدەر یاخود جێگرێکى تر بۆ سەرۆکى هەرێم زیادبکرێت، کە پارتى لەگەڵ یەکێتى لەسەر ئەو پرسە ڕێککەوتووە.

ئ.ر