سەردێڕ:

لە هەولێر چەند جۆرێکی دراوى ساختە بڵاوبووەتەوە

فۆتۆ: 
2019-04-18

4911 جار خوێندراوەتەوە

باسی گه‌رمی ڕۆژانه‌ی بازاڕی ئاڵوگۆڕكردنی دراو لە هەولێر، بڵاوبوونه‌وه‌ی بڕێک‌ دراوی ساخته‌یه‌، نوسینگه‌كانی ئاڵوگۆڕی دراویش به‌ وردبینییه‌وه‌ پشكنین بۆ دراوه‌كان ده‌كه‌ن.

سه‌مه‌د خدر زیاتر له‌ ٢٠ ساڵه‌ كاری ئاڵوگۆڕكردنی دراوه‌، به‌ ئامێرێكی تایبه‌ت به‌ دۆزینه‌وه‌ی دراوی ساخته پشكنین بۆ دراوه‌كان ده‌كات و دوو دراوی ساخته‌ش پیشانده‌دات و جیاوازییه‌كان ڕوونده‌كاته‌وه‌، پشتڕاستیشیدەکاتەوە کە له ‌ئێستادا دراوێكی زۆری ساخته‌ له‌ بازاڕه‌كان بڵاوبووەته‌وه‌.

ئه‌و دراوه‌ سه‌ختانه‌شی كه‌ زیاتر له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێم بڵاوبووەته‌وه‌ ٥٠ دۆلاریی ئه‌مریكی و ٢٥ هه‌زار دیناریی عێراقین.

به‌گوێره‌ی یاسای سزادانی عێراقی هه‌ركه‌سێك دراوێكی دیاریكراو ساخته‌ بكات بۆ ماوه‌ی ١٠ بۆ ١٥ ساڵ ده‌ستگیرده‌كرێت.

یاساناسێكیش ڕۆڵی دادگاكان بۆ ده‌ستگیركردنی بانده‌كانی ساخته‌كاری سست ده‌بینێت.

بڵاوبوونه‌وه‌ی دراوی ساخته‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان پرسێكی تازه‌ نییه‌، به‌ڵام ئێستا بینینی بڕێکى زۆری دراوی ساخته‌ له ‌بازاڕه‌كان خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ ئاسایی و ڕێژه‌كه‌ی به‌رزبووەته‌وه.

پۆلیسی هه‌ولێر له ‌ماوه‌ی ڕابردوو باندی ساخته‌كردنی دراویان ده‌ستگیركردووه ‌و لێپێچینه‌وەی یاساییان له‌گه‌ڵ كردوون و هۆشداری ده‌ده‌نه‌‌ هاوڵاتییان‌ ئاگادارى دراوی ساختە بن.

به‌شێكی پاره‌ ساخته‌كراوه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌هێنرێن و له ‌بازاڕه‌كانی هه‌رێم ساغده‌كرێنه‌وه‌، به‌شێكی تریشی له‌ كوردستان بانده‌كانی ساخته‌كاری دروستیده‌كه‌ن و لێزانانه‌ ده‌یخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌.

ع.ا

‌بەپەلە