سەردێڕ:

کەرکوک.. هەوڵێکى دزینى نەوت پوچەڵکرایەوە

 بۆری نەوتیان کونکردبوو
فۆتۆ: 
2019-04-18

4622 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسى نەوتى کەرکوک ڕایگەیاند، هەولێکى دزینى نەوتى خاویان پوچەڵکردووەتەوە.

پۆلیسى نەوتى کەرکوک لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، لە پرۆسەیەکى هێزەکانیاندا لە نزیک قەزاى دوبز دوو تەنکەریان دەستبەسەرداگرتووە کە بۆرى نەوتی نێوان وێستگەى سارلۆ و وێستگەى خورمەڵەیان کونکردبوو.

ڕاشیگەیاندووە، خاوەن تەنکەرەکان لە دوورى٢٠ مەترەوە سۆندەیان لە کونى بۆرییەکە کردوە بۆ ناو تانکەرەکە.

رونیشیکردووەتەوە، پرۆسەکە دواى دەستکەوتنى زانیاریەکان بە دزینى نەوت لەو ناوچەیە بووە و هێزەکانى پۆلیسى نەوتیش بۆ دەستبەسەرداگرتنى تانکەرەکان، چەند بازگەیەکیان لەو ناوچەیە داناوە .

ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕووداوەکانى دزینى نەوتى کەرکوک و بەقاچاخبردنى ڕووى لە زیادبوون کردووە و، چەند هەوڵێکیش لە ماوەکانى ڕابردوودا پوچەڵکراونەتەوە.

ئ.ر