سەردێڕ:

بەغدا.. ژنە پارێزەرێک لەلایەن براکانى پارێزەرێکى دیکەوە لێیدرا

فۆتۆ: 
2019-04-18

4532 جار خوێندراوەتەوە

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەى پارێزەرێکى ژن بڵاوکراوەتەوە و باس لەوە کراوە لەلایەن کەسوکارى پارێزەرێکى هاوپیشەیەوە، کە بە هاوبەشى کاریانکردووە، لێیدراوە.

بەگوێرەی ھەواڵەکە، ئەمڕۆ لە ناوچەی دۆرە لە باشوری بەغدا پارێزەرێک بە ناوی مەھا لامی ناڕەزایەتیی دەربڕیوە لەوەی چەند برایەکی پارێزەرێکی ھاوڕێی، کە نوسینگەی کاروباری پارێزەرییان بەیەکەوە ھەبووە، توندوتیژییان بەرامبەر کردووە و بەو ھۆیەشەوە برینداربووە.

بەگوێرەی ھەواڵەکە، ھاوپیشەکەی پارێزەر مەھا لامی چووەتە دەرەوەی وڵات، لەکاتێکدا بڕێک پارەی مەھا لامیی لە دۆسیەیەکی یاساییدا لایە و نەیداوەتەوە. مەھا لامییش بە مەبەستی وەرگرتنەوەی پارەکەی سەردانی براکانی ھاوپیشەکەیی کردووە، بەڵام لێیانداوە و توندوتیژییان بەرامبەر کردووە.

ئەو وێنەیە کاردانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە و بەو ھۆیەشەوە پارێزەران و ھاوپیشەکانی مەھا لامی داوایان لە دەزگا ئەمنییەکان کردووە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە بکەن و، چیتر پارێزەران بە ئاسانی نەکرێنە ئامانج.

ئ.ر

Image may contain: 1 person, closeup