سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی وردەکاریی واژۆی دوو بەرپرسی کورد لەبارەی گەنمی هەرێم ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2019-04-18

18045 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتی جوتیاران رایگەیاند، دوو نوێنەری حکومەتی هەرێم واژۆیان لەسەر بڕیارێکی حکومەتی عێراق کردووە، کە بەهۆیەوە زیانێکی "گەورە" بەر جوتیارانی هەرێم و بەرهەمی گەنمەکەیان دەکەوێت.

بەپێی ئەو کۆنووسەی نوێنەرانی وەزارەتی پلاندانان و کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێم واژۆیان لەسەر کردووە و کۆپییەکی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، حکومەتی عێراق کەمتر لە نیوەی بەرهەمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەکڕێتەوە.

لەوبارەیەوە ياسين قادر سەرۆکی یەکێتیی گشتیی جوتیارانی کوردستان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، بەپێی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق، ئەمساڵ تەنها ٣٤٠ هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەردەگیرێت، لەکاتیکدا چاوەڕوان دەکرێت بڕی گەنمی ئەمساڵ بەهۆی زۆریی بارانبارینەوە، یەک ملیۆن تۆن تێپەڕێنێت.

وتیشی، ئەم بڕە زۆر کەمە، چونکە ساڵی ڕابردوو نیوەی هەموو گەنمی وەرگیراو لە سایلۆکانی عێراق هی جوتیارانی هەرێم بووە.

دەربارەی واژۆی دوو نوێنەرەکەی کوردیش ڕایگەیاند، ئەو دوو کەسە بەبێ ئەوەی هیج پرس و ڕایەک بە یەکێتیی جوتیاران بکەن، واژۆیان لەسەر کۆنووسێک کردووە کە زیانێکی "گەورە" لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەدات.

دوو نوێنەرەکەی کورد بریتین لە هەریەک لە غازی فایەق حاجی نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و کامەران عەبدوڵا نوێنەری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم.

یاسین قادر سەبارەت بە یەکێک لە هەڵە "گەورەکان" ئاشکرایکرد، حکومەتی عێراق دوور لە پلانی کشتوکاڵی و بەپێی گەنمی ڕادەستکراوی سایلۆکان لە ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨، گەنمی ٢٠١٩ وەردەگرێت، لەکاتێکدا لەو دوو ساڵەدا جوتیارانی کورد کەمترین گەنمیان ڕادەستی سایلۆکان کردووە و لە بازاڕی ڕەشدا فرۆشتوویانەتەوە، چونکە متمانەیان بە حکومەتی عێراق نەبووە، کە پارەی گەنمی ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠١٥ و ٢٠١٦ی جوتیارانی هەرێم قەرزدارە و، نەیداوەتەوە.

وتیشی، بەپێی بڕیارەکە ٣٠% بۆ بڕی وەرگیراوی گەنمی جوتیارانی هەرێم زیادکراوە، ئەم زیادکردنەش بەستراوەتەوە بە دۆخی دارایی حکومەتەوە و دۆخی داراییش باش بێت زیانەکە هەر گەورە و مەترسیدارە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی پێوەری ١٧%ش پەیڕەونەکراوە.

هەر سەبارەت بە بڕی گەنمی وەرگیراو، سەرۆکی یەکێتییەکە "هەڵەیەکی" دیکەی بڕیارەکەی ئاشکراکرد؛ نوێنەرانی کورد کە لەگەڵ نۆ بەرپرسی عێراقیدا واژۆیان لەسەر کۆنووسەکە کردووە، هیچ زانیارییەکیان نەبووە دەربارەی کشتوکاڵی هەرێم، چونکە بەپێی بڕیارەکە تەنها گەنمی چێنراو لە زەوییە بەراوەکاندا وەردەگیرێت، لەکاتێکدا زۆربەی گەنمی هەرێم لە زەوییە دەیمەکاندا دەچێنرێن و پشت بە ئاوی باران دەبەستن.

سەبارەت بە هەوڵەکانیشیان ئەوەی خستەڕوو، "نوسراومان بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، پەرلەمان، وەزارەتەکانی پلاندانان و کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان ناردووە، بەڵام تەنها ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی داوەتەوە، کە نوسراوێکیان بۆ وەزارەتی دارایی کردووە و داوای ڕوونکردنەوەیان کردووە، لەکاتێکدا ئەم بابەتە هیچ پەیوەندییەکی بەو وەزارەتەوە نییە."

جەختیشیکردەوە، پەیوەندیی بە محەمەد ئەمین فارس سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق کردووە، ئەویش لە وەڵامدا وتوویەتی، نوێنەرانی کورد "هەڵەکەیان" کردووە و، چارەسەرکردنی پێویستی بە هەوڵی جددی هەیە لە ئاستی باڵادا.

هاوکات یەکێتیی جوتیاران لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، ستەم لە جوتیارانی هەرێم دەکرێت.

یەکێتیی جوتیاران ڕایگەیاندووە، لەبەر هەڵەکردن لە خەمڵاندنی بڕی گەنمی جوتیارانی هەرێم، وەرگرتنی گەنم بە کەمتر لە ١٧% و جیاکاری لە نێوان جوتیارانی هەرێم و عێراق لە دانانی گەنمەکانیان لە سایلۆکاندا، دژی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق دەوەستنەوە.

ع.ا

‌بەپەلە